بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس کە بە یاوەری شاندێکی باڵای ئەو بزوتنەوەیە سەردانی تارانی کردووە، لە گەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدەیان سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبووە و سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییە سیاسی و مەیدانییەکانی فەڵەستین و چۆنیەتی پتەوکردنی یەکڕیزی و یەکگرتوویی زیاتری نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری، وتووێژ و بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
لەو کۆبوونەوەدا سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کە بووەتە هۆی ترس و شڵەژانی سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: باشترین و کاریگەرترین ستراتیژ بۆ کۆتایی هێنان بە زیاتر لە 75 ساڵ داگیرکاری زایۆنیستەکان لە فەڵەستین، خۆڕاگرییە.
عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ تەواوی جیهانی ئیسلام کەڵک لە دەسکەوتەکانی خۆڕاگری وەردەگرێت و وتی: سەرکەوتنی خۆڕاگری لە شەڕی شمشێری قودس خاڵێکی وەرچەرخانی گەورە بووە کە دەسکەوتی گرنگ و ستراتیژیی بۆ خۆڕاگری بە دواوە بووە.
ناوبراو وتی: فەڵەستین سەرەکیترین پرسی جیهانی ئیسلامە و پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان موسڵمانان بە تایبەت وڵاتانی کاریگەری ناوچەکە، زیاترین زیان بە ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانی دەگەێنێت.
ئەحمەدیان بە ئاماژە بە هەوڵەکانی دوژمنان بۆ ناکۆکی خستنە نێو گرووپەکانی خۆڕاگری، وتی: یەکڕیزی و پاڵپشتی گرووپەکانی خۆڕاگری لە بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە شەڕی ئەم دواییە، دوژمنی زایۆنیستیی لەو پیلانە بێهیوا کردووە.
سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران وێڕای ستایشکردنی خۆڕاگری بزوتنەوەی حەماس لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی، وتی: خۆڕاگری فەڵەستین کە سەردەمێک بۆ بەرگری لە خۆی لە غەززە شەڕی دەکرد، گەیشتووەتە ئاستێک لە ئامادەیی کە ئێستا پێگەی خۆی لە کەرتی خۆرئاوا بەهێز دەکات.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس وێڕای دەستخۆشی لە هاوکارییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پتەوکردنی یەکڕیزی و هاوکاری لە جیهانی ئیسلام و لە نێوان گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستینی، ڕاپۆرتێکی لە سەر گۆڕانکارییە سیاسی و مەیدانییەکانی فەڵەستینی داگیرکراو و پلانەکانی خۆڕاگری بۆ پاراستن و پتەوکردنی پێگەی خۆی لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی خستەڕوو./.