بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هۆشدارییەکان لە سەر جموجوڵەکانی ئلینا ڕومانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کە زۆربوونی کۆبوونەوەی لە گەڵ سیاسەتمەداران و بەرپرسان و ئەندامانی دەزگا ئەمنییەکانی بە دواوە بووە، درێژەی هەیە و ئەم چالاکییانە پیشاندەری پیلانێکی ئەمریکییەکانە لە عێراق کە باڵیۆزەکەیان هەوڵی مسۆگەربوونی دەدات.
جموجوڵەکانی باڵیۆزی ئەمریکا کۆبوونەوە سیاسییەکانی تێپەڕ کردووە و گەیشتووەتە ئاستی هۆزەکان و بەرپرسانی ئەمنی ئەم وڵاتە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، ” سەلام زۆبەیدی ” وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق بە ئاماژە بە مەترسییەکانی کەمپی هول لە سوریا و کاریگەرییەکانی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق، وتی: پاشماوەکانی داعش هەوڵ دەدەن ئاسایش و سەقامگیری بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق لە ناو ببەن، لە کاتێکدا کە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لە گەڵ فەرماندە سەربازییەکان و بەرپرسانی ئەمنی ئەم دۆسیەیە بەلاڕێدا ببات.
لە لایەکی دیکەوە، ” عائد هیلالی ” یەکێک لە ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆکایەتی هادی عامری وتی: جموجوڵەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق تەنیا پەیوەندی بە دوێنێ و ئەمڕۆوە نییە، بەڵکوو جموجوڵی سەیر و جێی گومانن، لە بەر ئەوەی کە ناوبراو ماوەیەکە هاتووچۆی عێراقییەکان دەکات و حیزب و لایەنە سیاسییەکان بەسەردەکاتەوە و پەیوەندی بە سەرجەم چین و توێژەکان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکانەوە دەگرێت و کۆبوونەوەی نادیپلۆماسی و بە دوور لە یاسا نێودەوڵەتییەکانی هەیە.
هەروەها ” قاسم تەمیمی ” شرۆڤەکاری کاروباری سیاسی عێراق ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکانی ڕومانۆسکی لە بەغدا لە گەڵ بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە واشنتن ویستی ئەوەی هەیە گوشار بخاتە سەر پرۆسەی سیاسی و بۆ مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی گۆڕانکاری لە عێراقدا بکات، هەرچەندە بانگەشەی پاڵپشتی لە حکومەتەکەی سودانی دەکات بەڵام بە ئاشکرا هەوڵی ڕوبەڕوبونەوەی لایەنەکانی بەرەی خۆڕاگری دەدات./.