بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 16 ی حوزەیرانی 2023، لە پاش گەڕانەوەی لە سێ وڵاتی ئەمریکای لاتین، سەبارەت بە دەسکەوتەکانی ئەم سەردانە 5 ڕۆژەیە، وتی: ئەمریکای لاتین ناوچەیەکی ستراتیژییە لە جیهان و خاوەنی یەدەکی سرووشتی و هێزی مرۆڤی زانا و لێهاتووە.
ناوبراو وتی: ئەم ناوچەیە ساڵانێکە لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری جیهانی خۆڕاگری دەکات و لە مێژووی ئەمریکای لاتین خاڵی هاوبەشیان لە گەڵ ئێمە هەوڵدانە بۆ سەربەخۆیی و دادپەروەری.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش سیاسەتی دەرەوە لە سەر بنەمای سەربەخۆیی، گرنگیدان بە دەنگی خەڵک و دادپەروەرییە. هەروەها لە کابینەی سێزدەیەمدا هەوڵی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی تاران و وڵاتانی دیکەی جیهان دراوە، تێڕوانینی ئێمە بۆ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و ئەمریکای لاتین و سەرجەم وڵاتان، تێڕوانینێکی یەکسان دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لەم سەردانەدا 35 ڕێکەوتنی هاوکاری هاوبەش لە گەڵ وڵاتانی ڤەنزوێلا، نیکاراگوا و کوبا واژۆ کرا کە لە سەرەتادا خزمەتگوزاری ئەندازیاری و تەکنیکی هەناردە دەکرێت و لە قۆناغەکانی دووەم و سێهەمدا بەرهەمەکانی زانست بنەما و دابینکردنی بازاڕی نوێ بەشێک لەم ڕێکەوتنانە دەبن.
ناوبراو وتی کە لە هەر سەردانێکدا تێڕوانینی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و بەرژەوەندییە ئابورییەکانی وڵاتە./.