بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، داتاکان ئاشکرایان کردووە کە ژنان لە سەرتاسەری جیهاندا لە پیاوان زیاتر دەژین.
توێژینەوەکە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە مرۆڤ 23 جووت کرۆمۆزۆمی هەیە، 22 یان لە سەدا سەد ڕێک وەک یەکن بەڵام جوتە کرۆمۆزۆمەکەی کۆتایی جیاوازن، لە ژناندا جوتەکە XX و لە پیاواندا XY ە و ئەمەش جیاوازییە سەرەکییەکەیە.
ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکە لە لایەن زانایانی زانکۆی ساوس وێڵزی بەریتانیاوە ئەنجامدراوە، 229 جۆری زیندەوەری لە خۆ گرتووە بۆ هەڵسەنگاندنی تەمەن درێژی مێیە و نێرەکان، دەرکەوتووە کە تێکڕای تەمەنی مێینەکان لە هەموو جۆرەکاندا بە ڕێژەی لە سەدا 17 زیاترە لە تێکڕای تەمەنی چاوەڕوانکراو لە نێرەکاندا.
توێژینەوەکە ئاماژەشی بەوە داوە لە گەڵ تەمەندا ئاستی هۆڕمۆنەکان کە پەیوەندییان بە ڕەگەزەوە هەیە دەگۆڕێن، لە پیاواندا لە کاتی بەساڵاچوواندا ئاستی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن کەم دەبێتەوە و ئاستی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین زیاد دەکات، ئەمەش بە تایبەت پەیوەندی بە خواردن و شێوازی ژیانی خەراپەوە هەیە کە دەبێتە هۆی قەڵەوی.
زۆربەی توێژەران باوەڕیان وایە کە ژنان بەخت یارمەتیدەریان دەبێت لە بەر ئەوەی کە هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کاریگەری لە سەر چالاکی Telomerase دەبێت و ئەویش بە ئەرێنی کاریگەری لە سەر تەندرووستی درووست دەکات./.