بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە شاری تەل ئەبیب بۆ هەژدەیەمین شەممەی بەردەوام لە دژی نتانیاهۆ خۆپێشاندانێکی گەورە ساز کرا.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە دژی پرۆژەی چاکسازی لە سیستەمی دادی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ زیاتر لە سێ مانگە بەردەوامە و ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینی کردووەتە شوێنی شەڕ و پێکدادانی نەیاران و دژبەرانی سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە.
لەو کاتەوە کە نتانیاهۆ پرۆژەکەی ڕاگەیاندووە، تەل ئەبیب و شارەکانی دیکە بوونەتە شوێنی خۆپێشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لە دژی ناوبراو و کابینە توندڕۆکەی.
دۆخی ئێستای ناوچە داگیرکراوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی گەیشتووەتە ئەوەی کە دوو جەمسەری دژ بە یەک لە نێوان زایۆنیستەکاندا دەبینرێت و سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە بەردەوام دانیان بەوەدا ناوە کە گەورەترین مەترسی ڕوبەڕویان بووەتەوە./.