بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە پێگەی ڕاگەیاندنی نووسینگەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی بەڕێز لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق و شاندی یاوەری، جەختیان لەوە کردەوە کە پێشکەوتن، بەختەوەری، سەربەخۆیی و بەرزبوونەوەی پێگەی عێراق بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر گرنگە و وتیان کە پەرەپێدانی هاوکارییە دووقۆڵییەکان و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان لە بەرژەوەندی هەر دوو وڵاتدایە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان کە کۆماری ئیسلامی لە گەڵ عێراقە و هیوامان پێشکەوتنی ئەم وڵاتەیە.
بەڕێزیان جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان بە تایبەت ڕێکەوتنە ئابوری و ئەمنییەکانیان بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان بە پێویست ناو برد و وتیان: پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و پتەوکردنی، دوژمنانی بەهێزی هەیە و ئەگەر پەیوەندی مێژوویی و ئائینی بەهێز لە نێوان هەر دوو وڵات نەدەبوو، دۆخی پەیوەندییەکان ڕەنگە بۆ دۆخی سەردەمی سەدام دەگەڕایەوە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی بە ئاماژە بە میوانداری زۆر باشی گەلی عێراق لە زیارەتکارانی ئێرانیی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) و لە کاتەکانی دیکەش، سەرەڕای شەڕی هەشت ساڵەی نێوان هەر دوو وڵات، وتیان: ئەم پەیوەندییە بە واتای ئەوەیە کە خاڵی بەهێزی یەکگرتن لە نێوان گەلانی ئێران و عێراقدا هەیە و هۆکارە سیاسییە دەرەکییەکان ناتوانن کاریگەری لە سەر ئەوان دابنێن، هەر بۆیە پێویستە لەم دەرفەتە لە پێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان کەڵک وەربگیردرێت و بۆ بەردەوامیشی دەبێت چاودێری و ووشیاری جیدی هەبێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕەزامەندی خۆیان لە سەر دۆخی ئێستای حکومەتی عێراق دەربڕی و بە ئەنجامی یەکڕیزی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە ناویان برد و وتیان: عێراق خاوەنی کەسایەتی و بیرۆکەی باش و گەنجانی لێهاتووە کە دەبێت کەڵک لەم سامانە نیشتمانییە وەربگیردرێت و هۆکارەکانی ئەم یەکڕیزییەش پارێزراو بێت.
بەڕێزیان جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمریکییەکان دۆستی عێراق نین و وتیان: ئەمریکییەکان دۆستی هیچ کەسێک نین و تەنانەت وەفایان بۆ هاوپەیمانانی ئەورووپی خۆیان نییە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان کە بوونی یەک ئەمریکیش لە عێراقدا زۆرە.
لەو چاوپێکەوتنەدا کە بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێوەچوو، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق خۆشحاڵی خۆیی لە چاوپێکەوتنی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەربڕی و وتی: پەیوەندییەکانی ئێمە لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران، پەیوەندییەکی بەردەوام و بەهێزە لە بوارە جیاجیاکاندا.
ناوبراو بە ئاماژە بە چاوپێکەوتن و کۆبوونەوەکانی تاران وتی کە هەوڵی عێراق پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ئێران و چارەسەرکردنی هەندێک کێشە و گرفتی نێوان هەر دوو وڵات./.