یەكێك لەو هەڵە كوشندانەی كە زۆرێك لە مرۆڤەكان بێ لەبەرچاوگرتنی باری تەندروستیی خۆیان دەگوزەرێ ئەوەیە كە بەبێ ڕێنمایی دكتۆر دەرمان بەكار دێنێن و، بەدەستی خۆیان ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسیەوە، لە كاتێكدا هەموو دكتۆر و نێوەندە پزیشكیەكان هۆشداری دەدەن كە خۆیان لەو دیاردەیە بەدوور بگرن، چونكە زیانی زۆری بەدواوەیە هەر بۆیە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری تەندروستی هێمایان بە چەند هۆكارێك كردووە، كە پاڵ بە مرۆڤەوە دەنێن ئەو كارە بكەن لەوانە:
– شەرمكردن: كەسی وا هەیە هەندێك نەخۆشیی وەك لاوازی سێكسی و نەخۆشیی دەروونیان هەیە و پێیان شەرمە سەردانی دكتۆری پسپۆڕ بكەن، بۆیە لە خۆیانەوە دەرمانی جۆراوجۆر بەكار دەهێنن.
– نەزانی: بەشێكی دیكەی نەخۆش هەن بە نەزانی دەرمان بەكار دەهێنن و زیاتر دەكەونە ژێر كاریگەریی ڕێكلامە باق و بریقەكانی هۆیەكانی ڕاگەیاندنەوە، بێگومان لە هەموو دنیا ڕێكلام بۆ كاڵایەك دەكرێ كە ڕەواجێكی ئەوتۆی لە بازاڕەكاندا نیە.
– جیاوازیی نرخ: زۆر جار جیاوازی نرخ وا لە خۆش دەكەن كە پەنا ببەنە بەر دەرمانی هەرزان و زۆر گوێ بە دەرمانی كوالیتی باش و ماركە نەدەن.
– بێباكی و ئیهمالی: هەندێ نەخۆشی دیكە هەن لەڕووی بەكارهێنانی دەرمان زۆر بێ باك و ئیهمالن.
دیارە زۆر هۆكاری دیكەش هەن كە وا لە نەخۆش دەكەن كە لەسەر ئەو دیاردە چەوتە بڕۆن و هێندە گوێی پێ نەدەن تا لەپڕێكا تووشی چەندین دەرد و نەخۆش ترسناك و مەترسیدار دەبنەوە و ناتوانن بەخێرایی كۆنتڕۆڵی بكەن تا لە ئەنجامدا گیانیان دەكەوێتە مەترسیەوە، بۆیە وا چاكە مرۆڤی نەخۆش بەبێ ڕێنمایی دكتۆر دەست بۆ هیچ جۆرە دەرمانێك نەبەن.