بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یونی بن موناخیم ڕایگەیاند کە قۆناغێکی شەڕی خۆڕاگری بە ستراتیژی یەکگرتنی بەرەکان لە دژی تەل ئەبیب دەستیپێکردووە.
ناوبراو وتی کە هێرشە ڕۆکێتییەکانی ئەم دواییە لە غەززە و باشوری لوبنانەوە، یەکەم قۆناغی ئەو شەڕەیە کە لایەنەکانی نزیک لە ئێران لە دژی ئیسرائیل بە ستراتیژی یەکگرتنی بەرەکان دەستیانپێکردووە.
ئەو شرۆڤەکارە زایۆنیستە وتی کە ئامانجی بەرەی خۆڕاگری، لاوازکردنی بەرە بەرەی سوپای ئیسرائیل و هەروەها ڕووخانی ورەی کۆمەڵگای زایۆنیستە.
موناخیم وتی کە ئێران بەو بڕوایە گەیشتووە کە ئیسرائیل لە یەکێک لە لاوازترین قۆناغەکانی خۆیدایە.
وتیشی کە حزبوڵڵای لوبنان گەشەیەکی زۆری لە ڕووی سەربازییەوە کردووە و ئەمڕۆ خاوەنی زیاتر لە 150 هەزار مووشەکە و بۆ ئەمەشە کە سەید حەسەن نەسروڵڵا ترسێکی لە ڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل نییە.
ناوبراو وتی کە هاوسەنگی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش پەیوەندی ئێران بە بەرەی چین و ڕووسیا و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سعوودیە، لە بەرژەوەندی تارانە و ئیسرائیل لە چەندین بەرەدا ئاسایشی خۆی لە مەترسیدا دەبینێت و هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە دژی ئێران و حزبوڵڵا ناتوانێت ئەم هاوکێشەیە بەرەو شکست ببات./.