بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی لە ڕێوڕەسمێکدا وتی: ئەمریکا لاواز بووە و لە سەر ئاستی جیهان ئەو هێزە نییە کە بانگەشەی بۆ دەکات و بچووک بووەتەوە، ئەوانەی کە شوێنکەوتووی ئەمریکا بوون و ئەو وڵاتەیان بە پەناگەی سیاسی خۆیان دەزانی و بە هەموو شێوازێک بەسراوەی ئەمریکا بوون، ئێستا هەوڵی دوورکەوتنەوە لە کۆشکی سپی دەدەن و ئەمەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
ناوبراو وتی: زایۆنیستەکانیش ڕژاونەتە شەقامەکانی تەل ئەبیب. پێشتر ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران 25 ساڵی داهاتوویان بە کاتی لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستی دیاریکرد، ئێستا هێماکانی هەڵوەشانەوە و لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستی هێندە ڕوون و ئاشکرا بووەتەوە کە حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان زایۆنیستەکان خۆیان بۆ لەناوچوون پەلەیانە.
فەریق سەلامی وتی: ئەوانەی هەوڵی ناسەقامگیری ئێرانیان دەدا، خۆیان تووشی هەمان کێشە بوونەتەوە، ئێران لە ئێستادا بووەتە سەنتەری سیاسەتی ناوچەیی و تەنانەت لە ئاستێکی باڵاتریش و کاریگەرییەکانی سیاسەتی ئێران لە ناوچەکانی دیکەی جیهان دەرکەوتووە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: لاوازبوونی بەرەی دوژمنانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوازێکە کە ئەمڕۆ تەنانەت ئەمریکا ناتوانێت بەرگری لە ڕژێمی زایۆنیستی بکات و ڕیزی وڵاتانی عەرەبیش بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بە کۆتایی گەیشتووە./.