بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی بەرنامەکانی لە سەردانەکەی بۆ پەکین، شەوی پێنج شەممە لە ڕێگای تەلەفوونەوە پەیوەندی بە حوسێن ئیبراهیم تاها ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامییەوە کرد و سەبارەت بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی و هێرش و دەسدرێژییەکانی بۆ سەر مزگەوتی ئەقسا بیر و ڕای ئاڵوگۆڕ کرد.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان جەختی لە سەر پێویستی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نائاسایی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی بۆ تاوتوێکردنی تاوانەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوە و ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشی بۆ بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە دەربڕی.
حوسێن ئیبراهیم تاها ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامیش لەو وتووێژەدا وێڕای ئیدانەکردنی دەسدرێژی و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە مزگەوتی ئەقسا، ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لە ئاستی کۆمیتەی جێبەجێکار ڕۆژی یەک شەممەی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی ئەم دۆخە بەڕێوە دەچێت./.