بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22 ی ئازاری 2023 ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران بە بێ بنەما، نایاسایی و بە ئامانجی سیاسی و لە سەر هەمان سیاسەتی دەستێوەردانی واشنتن لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی سەربەخۆ ناو برد و وتی کە ئەم ڕاپۆرتە هیچ بایەخێکی بۆ دادوەری و هەڵسەنگاندنی پیرۆزییەکانی مافی مرۆڤ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا نییە.
ناوبراو جەختی لە سەر پێگەی باڵا و گرنگ و بنەڕەتیی مافی مرۆڤ لە دەستوور و یاسا نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها ڕێزگرتنی ئێران لە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی کردەوە و وتی: هیچ چاوەڕوانی ئەوە نین ڕژێمی خۆسەپێنی ئەمریکا باس لە ڕاستییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمریکا لە کاتێکدا بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ئێران دەکات کە بە هەموو جۆرە گەمارۆیەکی زاڵمانە، نایاسایی و تاکلایانە لە دژی گەلی ئێران جێبەجێ کردووە و بە پێشێلکاری سەرەکی و یەکەمی مافی مرۆڤ لە دژی گەلی ئێران دەناسرێت، بەدەر لەمەش ئەمریکا بە شێوازی ڕێکخراو بە پاڵپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان، لە گەڵ ئەوان و دژ بە گەلی ئێران بووە.
کەنعانی بە ئاماژە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ناوخۆی ئەمریکاش وتی: هەڵسووکەوتی پۆلیسی ئەمریکا و توندووتیژی بەرامبەر بە کەمینەکان بە تایبەت ڕەشپێستەکان لە لایەن پۆلیس و دەزگای دادی ئەو وڵاتەوە، پێشێلکردنی مافی کەمینەکان و ڕەنگین پێستەکان، سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، توندووتیژی بەرامبەر بە پەناخوازان و گرتن و لێدانی ئەوان و منداڵەکانیان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و توندووتیژی لە گرتووخانەکان بە تایبەت ویلاتەکانی باشوری ئەم وڵاتە، تەنیا بەشێکە لە هەڵسووکەوتی دژە مرۆڤانەی ناوخۆی ئەمریکا کە بەردەوام جێی نیگەرانی جیدی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکانی ماڤی مرۆڤ بووە./.