بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی فۆکس نیوز لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند: پاش ساڵانێک ساردی لە پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە،لە کاتێکدا کە پێدەچێت پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بەرەو باشتربوون دەڕوات، ئەگەری شکستی دانوستانەکانی ناوەکیی ئەمریکا لە گەڵ ئێران لە لایەکەوە و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە لایەکی دیکەوە ئەم دوو لایەنەی کردووەتە دۆڕاوانی سەرەکی ڕێکەوتنەکەی پەکین.
پاش ساڵانێک لە پچڕان پەیوەندییەکان، ئێران و سعوودیە بە نێوەندگێڕی چین گەیشتنە ڕێکەوتنی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و ئەمەش بووەتە بابەتێکی گرنگ و سرنجی جیهانیی لە سەر بووە.
ئێران ڕایگەیاندووە کە سعوودیە بانگهێشتنامەیەکی بۆ کۆبوونەوە فەرمی و حکومییەکان ناردووە بەڵام وردەکارییەکەی هێشتا بڵاو نەبووەتەوە.
لەو کاتەوە کە ئێران و سعوودیە ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان ڕاگەیاند، نیگەرانییەکان لە سەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە زۆرتر بووە، لە بەر ئەوەی کە لە لایەکەوە بە واتای شکستی دانوستانەکانی ناوەکی ئەمریکا و ئێران و لە لایەکی دیکەوە شکستی هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ئابراهام بووە و هەروەها پێگەی چینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بەهێزتر کردووە.
پێدەچێت ڕێکەوتنەکەی تاران و ڕیاز کە ڕۆژی 10 ی ئازار لە پەکین کرا پیشاندەری هەستیاریی ئەمریکا و چین بۆ ڕێکخستنەوەی سیاسەتی دەرەوە لە سەر ئاستی جیهان بێت، چین هەوڵ دەدات خۆی وەک تەنیا براوە و ئەمریکاش وەک دۆڕاوە گەورەکەی ئەم ڕێکەوتنە پیشان بدات.
چین هەروەها دەیەوێت ئاسایش و سەقامگیری هەر دوو وڵاتی ئێران و سعوودیە وەک دوو هاوبەشی بازرگانی لە ناوچەی کەنداوی فارس دەستەبەر بکات.
ئێرانیش هەوڵی باشترکردنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات کە نەک تەنیا پەیوەندییە ئابورییەکانی باشتر دەکات بەڵکوو سەرکەوتنی تاران بە پێگەیەکی بەهێزتر کاریگەریی لە سەر پرسەکانی ناوچەکە بە تایبەت پرسی فەڵەستین دەبێت.
لە لایەکی دیکەوە ئیسرائیل بە پێی ڕێکەوتنی ئابراهام کە بە نێوەندگێڕی ئەمریکا لە ساڵی 2020 لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی دەستیپێکرد، پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی وەک بەحرەین و ئیمارات ئاسایی کردووەتەوە، ئەم وڵاتانەش ئێستا پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئێران باشتر دەکەن.
سعوودیە بەدەر لە بەرژەوەندییە داراییەکانی لە ئاسایشی ناوچەکە و بوونی بە هاوبەشێکی بازرگانی لە گەڵ ئێران، ڕەنگە بتوانێت کۆتایی بە هەر دوو قەیرانی سوریا و یەمەن بێنێت./.