لوقمان عەبدولقادر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: ئەگەر ئێمە باس لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجە بکەین لەو دەرەچەیەی کە خەڵکی هەڵەبجەی تێدا دەرباز بوو، تەنیا کۆماری ئیسلامی ئێران بوو، ئێمە لەو کاتەدا لە نەخۆشخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بووین، ئەوەی کە من دەیڵێم لە زمانی کەسوکار و دۆست و خزمانەوە وەرمانگرتووە کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئێران بە دەم خەڵکی هەڵەبجەوە بوون، لە کەمپەکان و تەنانەت لە کاتی گواستنەوەیان.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران نەبوایە ئەو خەڵکەش کە لە هەڵەبجە مابوون دەربازیان نەدەبوو، خۆم یەکێک لەو کەسانە بووم کە لە ڕێگای ئێرانەوە ڕەوانەی وڵاتی ئەڵمانیا کرام، ڕاستە کە تەمەن بە دەست خوایە بەڵام یەکێک لە هۆکارەکانی مانەوەی من ئەوە بوو کە ڕەوانەی ئەڵمانیا کرام.
لوقمان عەبدولقادر وتی: ئەگەر لە ڕێگای ڕۆژنامە و میدیاکانی ڕابردووەوە دەتوانین ڕۆڵی ئەمریکا و ڕۆژئاوا ببینین لە بەر ئەوەیە کە لەو کاتەدا هیچ ڕاگەیاندنێک ندیدەتوانی بەدەر لە ڕاگەیاندنەکانی ڕژێمی بەعس تاوانەکان ببینێت، ئەوەی کە ئێستا لە لاپەڕەی ڕۆژنامەکان و ئەرشیڤی میدیاکانەوە ماوەتەوە، پیشان دەدات کە ئەوان بەشێک بوون لە هاوکاری و پشتیوانی ڕژێمی بەعس، بە پێدانی چەک یان هەر ئامرازێک پاڵپشتییان دەکرد بە هۆی بەرژەوەندی خۆیان.
وتووێژ: کامەران کەریم