بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە پەیامێکدا بە بۆنەی هاتنی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی ئێران و هەموو ئەو گەلانەی کە نەورۆز بەرز ڕادەگرن، گرنگترین پرسی وڵاتیان لە ساڵی ڕابردوو بە ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک ناو برد و جەختیان کردەوە کە ئەمساڵیش ئابوری پرسی سەرەکی وڵاتە و درووشمی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاویش وەک کۆنتڕۆڵکردنی ڕێژەی هەڵئاوسان و گەشەی وەبەرهێنان دیاریکرا.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وێڕای وەبیرهێنانەوەی ڕووداوەکانی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی، ئەم ساڵەیان وەک تەواوی ساڵانی پاش شۆڕشی ئیسلامی بە کۆمەڵە ڕووداوێکی تاڵ و شیرین ناو برد و جەختیان لە سەر ئەوە کردەوە کە لە ساڵی ڕابردوو ئابوری پرسی سەرەکی وڵات بووە و وتیان: لە پرسی ئابوریدا تاڵ و شیرینی زۆر بینرا، تاڵییەکان بە گشتی پەیوەندی بە هەڵئاوسان و گرانی بە تایبەت گرانبوونی کاڵا و پێداویستییە خۆراکییەکانەوە بووە کە زۆر نرخەکەیان بەرز بووەتەوە و چینی هەژاری کۆمەڵگاش زیاترین گوشاری بەرکەوتووە.
بەڕێزیان وتیان: ئەڵبەت لە پرسی ئابوریدا کاری باش و داهێنانی باش کراوە کە دەبێت کاریگەریی لە سەر ژیان و بژێوی خەڵک هەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی پاڵپشتییان لە وەبەرهێنان لە ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی بە کردنەوەی چەندین هەزار کارگەی داخراو و نیمچە داخراو و هەروەها کردنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا زانست بنەماکان و دابەزینی کەمێک لە ڕێژەی بێکاری بە چەندین هەنگاوی گرنگ لە پرسی ئابوریدا ناو برد و وتیان: ئەو کارە باشانەی کە لە بواری ئابوریدا کراوە دەبێت کاریگەریی لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک هەبێت و دەبێت لە لێکدانەوەی پرسی ئابوریدا تاڵ و شیرینییەکان پێکەوە ببینرێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جەختیان لەوە کردەوە کە کێشە ئابورییەکان تەنیا تایبەت بە ئێران نییە و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە خاوەن هێزی ئابورین، تووشی کێشە ئابورییەکان و مایەپووچیی بانکەکان و قەرزداربوون بوونەتەوە و وتیان: بەرپرسانی حکومی و چالاکوانانی ئابوری، سیاسی و ڕۆشنبیری دەبێت هەموو هەوڵەکانیان بەکار بێنن تا بەم کەمکردنەوەی تاڵییەکان و زیاترکردنی سەرکەوتنەکان، ئەمساڵ ببێتە ساڵێکی شیرین بۆ گەلی ئێران.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی سەبارەت بە ساڵی نوێی کۆچی هەتاوی وتیان: ئەمساڵیش پرسی سەرەکی وڵات، ئابورییە، ئەڵبەت ئەمە بە واتای نەبوونی کێشە لە بەشەکانی دیکەدا نییە، لە وڵاتدا کێشەی جۆربەجۆر لە بوارەکانی ڕۆشنبیری و سیاسی هەیە بەڵام ئەگەر حکومەت و پەرلەمان و چالاکوانانی ئابوری و گرووپەکانی گەنجان ئیرادەی خۆیان لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک بەکار بێنن، زۆربەی ئەو کێشانە چارەسەر دەبن.
بەڕێزیان لە کۆتاییدا هیوایان خواست کە ئەمساڵ بەختەوەری و شایی گەلی ئێران زیاتر ببێت./.