بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” الوطن ” ی سوریا ڕایگەیاند کە دیمەشق هەوڵ دەدات پێش ڕاگەیاندنی فەرمی وادەی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی مۆسکۆ، هەندێک لە داواکارییەکانی مسۆگەر بکات.
لە کاتێکدا کە حکومەتی سوریا سەبارەت بە کاتی بەڕێوەچوونی ئەو کۆبوونەوە بێدەنگی هەڵبژاردووە، ڕۆژنامەی الوطن ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکان بە ئامانجی بەڕێوەچوونی بەردەوامە.
ڕۆژنامەکە ڕایگەیاندووە کە دیمەشق هەوڵ دەدات چەند داواکارییەکی وەک دیاریکردنی وادەی کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و ڕاگرتنی پاڵپشتی ئەو وڵاتە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکان جێبەجێ بکرێت.
میدیاکانی تورکیا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بە بەشداری ڕووسیا، ئێران، تورکیا و سوریا لە ڕۆژانی 15 و 16 ی ئەم مانگە لە مۆسکۆ بەڕێوە دەچێت بەڵام میخائیل بوگدانۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە بەردەوامە./.