بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستبەجێ پاش ڕاگەیاندنی فەرمی ڕێکەوتنەکەی تاران و ڕیاز کە لە پەکین بەڕێوەچوو، یائیر لاپید سەرۆکی گرووپی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی و سەرۆک وەزیرانی پێشووی ئەو ڕژێمە ڕایگەیاند کە ئەم ڕێکەوتنە شکستێکی قورس و مەترسییەکی سیاسی کابینەی ئێستای ئیسرائیلە بە سەرۆکایەتی بنیامین نتانیاهۆ.
نەفتالی بنت سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاند کە ڕێکەوتنەکەی تاران و ڕیاز، سەرکەوتنێکی سیاسییە بۆ ئێران و گۆڕانکارییەکی مەترسیدارە بۆ ئیسرائیل.
ناوبراو ئەم ڕێکەوتنەی بە شکستی هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی ناوچەیی لە دژی ئێران ناو برد و وتی کە ڕێکەوتنەکەی پەکین شکستێکی گەورەیە بۆ کابینەکەی نتانیاهۆ و ئەنجامی لاوازی گشتی و ناکۆکی ناوخۆییە لە ئیسرائیل.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری ڕژێمی زایۆنیستی وتی کە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل و کابینەیەکی پڕکێشە دەبینن کە بە شێوازی ڕێکخراو بۆ لەناوچوونی خۆی چالاکی دەکات و ئاساییە کە لەم هەلومەرجەدا وڵاتانی ناوچەکە بەرەو ئێران بڕۆن.
نەفتالی بنت کابینەکەی نتانیاهۆی بە شکستخواردوو لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و ئەمنی ناو برد و وتی کە ئەم کابینەیە ڕۆژانە مەترسییەکی نوێ بۆ ئیسرائیل دەخوڵقێنێت و لە ئێستادا پێویست بە کابینەیەک دەکات کە ئەم مەترسییانە لە ناو ببات.
هەروەها یولی ئدلشتاین سەرۆکی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و ئاسایشی پەرلەمانی ڕژێمی زایۆنیستی وتی کە لە کاتێکدا ئێمە بە کێشە ناوخۆییەکانەوە سەرقاڵین، جیهان بە کارەکانی خۆیەوە سەرقاڵە و کەس چاوەڕوانی ئێمە نابێت.
ناوبراو وتی کە ڕێکەوتنی ئێران و سعوودیە بۆ ئێمە خەراپە و دەبێت لە بەرامبەر هەڕەشەکان یەکگرتوو بین.
بەنی گانتس وەزیری شەڕی پێشووی ڕژێمی کاتی زایۆنیستیش ئەم گۆڕانکارییەی بە جێی نیگەرانی ناو برد و وتی کە کێشە ئەمنییەکانی ئیسرائیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبن، لە کاتێکدا کە سەرۆک وەزیران و کابینەکەی زیاتر بیر لە سەپاندنی دەسەڵاتی خۆیان دەکەنەوە./.