بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مت گیتز ئەندامی کۆماریخوازی ویلایەتی فلۆریدا لە کۆنگرێسی ئەمریکا کە پرۆژەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە سوریا پێشنیار کردووە، ڕایگەیاندووە کە ئەوانەی لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی کراون تا لە دژی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا شەڕ بکەن، ئاڵای داعشیان بەرز دەکردەوە.
پرۆژەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا ڕۆژی چوارشەممە 8 ی مارس بە 103 دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر 321 دەنگی نەرێنی لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە ڕەتکرایەوە.
بە پێی ئەو پرۆژە پێشنیارکراوە، بایدن پاشەکشەی بە 900 سەربازی وڵاتەکەی لە سوریا دەکرد بەڵام پەسەند نەکرا.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا وتی: هێشتا میانەڕۆ بوونی نییە، هەندێک کات ئەوانەی لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دارایی دەکران، تێڕوانینی خۆیان دەگۆڕی و ئاڵای داعشیان بەرز دەکردەوە، هەر بۆیە گەمژانەیە کە بڵێین بۆ لەناوبردنی داعش لە سوریا دەمێنینەوە و ئەمەش لە کاتێکدایە کە بوونی ئێمە لە سوریا لە هەندێک کاتدا باشترین دیاری بۆ داعش بووە./.