بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ تورکیا و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش بە ئامادەبوونی مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، وتی: یەکێک لە هۆکارەکانی پەرەسەندنی قەیرانی قەوقاز هێنانی ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ ناوچەکە، ئێمە بوونی ئەو ڕژێمە بە هەڕەشەی جیدی لە سەر ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی دەزانین.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: زایۆنیستەکان لە هەر شوێن و ناوچەیەک بوونەتە هۆکاری ئاڵۆزی و قەیران و ناسەقامگیری و کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری بە سەرجەم لایەنەکان دەدات کە بەرامبەر بە هەڵسووکەوتی ئەو ڕژێمە ووشیارانە و بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن و نەبنە هۆکاری هاتنی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ قەوقاز و ناوچەکانی دیکە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیا وتی: جیهانی ئیسلام دەبێت گرنگییەکی زیاتر بە پرسی قودس و فەڵەستین بدات، ڕژێمی تەزویری زایۆنیستی کە کابینەیەکی توندڕۆی هەیە،هەلومەرجەکەی بۆ فەڵەستینییەکان دژوارتر کردووە، هیوادارین جیهانی ئیسلام گرنگییەکی زیاتر بەم پرسە بدات بە تایبەت لە کۆبوونەوەی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە وڵاتی مۆریتانیا بەڕێوە بچێت./.