بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی لێدوانی ئەنالینا بێربۆک وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەغدا، وتی: چاوەڕوان دەکرا وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێش هەموو شتێک بە هۆی تاوانەکان و شەرمەزارییەکانی ڕابردووی وڵاتەکەی لە بەرامبەر گەلانی ئێران و عێراق داوای لێبوردن بکات، نەک ئەوەی بە تۆمەتی بێ بنەما لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ بدات تاوانەکانی وڵاتەکەی بۆ پاڵپشتیکردنی ڕژێمی سەدام و پڕچەککردنی ئەو ڕژێمە بە چەکە کیمیایی و قەدەغەکراوەکان و بەکارهێنانی لە دژی خەڵکی بێ تاوانی ئێران و عێراق پەردەپۆش بکات.
کەنعانی ڕۆڵی حاشاهەڵنەگری کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پاڵپشتیکردنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی عێراق وەبیرهێنایەوە و وتی: بەداخەوە کە لە ئێستادا ژمارەیەکی بەرچاو لە گرووپە تیرۆریستی و جوداییخوازە چەکدارەکان کە دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیانی سڤیلی ئێرانی و عێراق تێکەڵاو کردووە، لە وڵاتی ئەڵمانیان حەشار دراون.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەغدا لە دژی ئێران، پیشاندەری بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەو وڵاتەیە بۆ گرووپە تیرۆریستییە چەکدارەکان و لە دەرێژەی هەوڵە بێ ئەنجامەکانە بۆ زیانگەیاندن بە پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی دراوسێی ئێران و عێراق.
کەنعانی ئامۆژگاری وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای کرد کە وانە لە مێژوو وەربگرێت و وتی کە حکومەت و وڵاتانی ناوچەکە هیچ کات پاڵپشتییەکانی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا لە شەڕەنگێزی و هاوکاریکردنی دیکتاتۆرەکان لەبیر ناکەن./.