بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مورتەزا مەکی لە وتووێژێکدا شرۆڤەی ئەو ناکۆکییانەی کرد کە لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20 ڕوویدا و بووە هۆی دەرنەکردنی بەیاننامەی هاوبەش و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە ئایا بەشداری ڕووسیا ئەو ناکۆکییەی هێنایە پێشەوە، وتی: بە پێچەوانەی کۆبوونەوەکانی پێشوو کە لە پاش قەیرانی ئۆکراینا لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان بە ئامانجی جۆربەجۆر بەڕێوەچوو و بەردەوام ڕووسیا ئیدانە دەکرا و تەنانەت بانگهێشتی مۆسکۆ نەدەکرا، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی وەزیرانی دەرەوەی گرووپی 20 کە لە هیندستان بەڕێوەچوو، هەڵوێستەکانی ڕووسیا و چین بووە هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا نەتوانن کۆدەنگییەک لە دژی مۆسکۆ درووست بکەن.
ناوبراو وتی: بە تایبەت ئەوەی کە هەندێک وڵاتی وەک هیندستان، ئەندونیزیا، چین، مالیزیا، سعوودیە و تورکیا لەو وڵاتانەن کە لە پاش قەیرانی ئۆکراینا تا ڕادەیەک هەڵوێستی نەرمیان لە بەرامبەر ڕووسیا هەبووە و ئەگەرچی هەندێک لەوان هاوکاری ئۆکراینایان کردووە بەڵام لە هەڵوێستە سیاسییەکانیان ڕەچاوی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕووسیاش کردووە، لە کۆبوونەوەی گرووپی 20 هەر ئەم وڵاتانە و هەڵوێستەکانیان بوونە ڕێگر لەوەی کە ڕووسیا ئیدانە بکرێت.
مەکی وتی: ئەو کۆبوونەوەی نێوان سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پیشاندەری ئەوەیە کە واشنتن تا ڕادەیەک وازی لە ئاژاوەگێڕی هێناوە و ڕەنگە پەیامی ئەوەش بێت کە لە گەڵ گۆڕانکارییە مەیدانییەکانی شەڕی ئۆکراینا، ئەمریکییەکان دەیانەوێت بەردەوام ڕێگای دیپلۆماسی لە گەڵ ڕووسیا بە کراوەیی بهێڵنەوە کە ڕەنگە لە کۆبوونەوەکانی داهاتووش وەها وتووێژێک ڕوو بدات. کۆبوونەوەی گرووپی 20 بۆ ڕووسیا و چین دەسکەوتێک بوو و ڕێگری لە هەر کۆدەنگییەک لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە لە دژی مۆسکۆ کرد.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و پێداگریی لە سزادانی ئەنجامدەرانی تەقینەوەکەی هێڵی نۆرد ستریم وتی: سیمۆر هێرش یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە بەناوبانگەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکییەکان بەرپرسی تەقاندنەوەی هێڵی بۆری نۆرد ستریمن، هەندیک لە وڵاتانی ئەورووپی بە تایبەت ئەڵمانیا هێندە خوازیاری ڕاگرتنی هاوردەی غازی ڕووسیا نەبوون بەڵام ئەمریکا بەو کردەوەیە ئەوانی ڕوبەڕوی دۆخێکی نەخوازراو کردەوە و وایکرد کە وڵاتانی ئەورووپی بیر لە دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەی وزە بەدەر لە ڕووسیا بکەنەوە.
مورتەزا مەکی وتی: سەبارەت بەو تەقینەوە چەندین سیناریۆ بوونی هەیە بەڵام ئەگەر بمانەوێت شرۆڤەی ئەم ڕووداوە بکەین، ئەمریکا تۆمەتباری سەرەکییە، ئەو جۆرە لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش یارمەتیدەری مۆسکۆ نابێت، لە بەر ئەوەی کە ڕووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا و ژێرخانەکانی ئەو وڵاتەی لەناوبردووە و ناتوانێت بڵێت کە بۆ هێرش کراوەتە سەر هێڵی گواستنەوەی غازەکەی./.