بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد سەلامی لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیداندا وتی: دوژمن هەموو توانا و هێز و پاشەکەوتی خۆیی هێنایە گۆڕەپانەکەوە، لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامییەوە سەدامی هێنایە پێشەوە و تا ئەمڕۆ بە دەیان گرووپی تەکفیری و تیرۆریستی بۆ دوژمنایەتی ئێران پاڵپشتی کران، لە ڕووی ئابوری، سیاسی، میدیایی، هەواڵگری و شەڕی دەروونییەوە ئەوەی لە توانای دوژمندا بووە هێنرایە پێشەوە بەڵام لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو شکست بە گەل و شۆڕشی ئێران بێنێت.
ناوبراو وتی: وەک چۆن دامەزرێنەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی وتیان، ئەمریکا هیچی پێناکرێت، نەک تەنیا ئەمریکا بەڵکوو تەواوی هاوپەیمانان و شوێنکەوتووانیشی لە بەرامبەر ئێرانی ئیسلامی بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوو، شکستیان هێنا، بە یارمەتی خودای گەورە پیلانەکانیان پووچەڵ کرایەوە و بە شکستی ئەوان ئاسایش و ئارامی بۆ کۆمەڵگا گەڕایەوە./.