بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موحسین مەلاکەریمی بە ئاماژە بەوەی کە کۆی گشتی ڕێکەوتنە بانکییەکانی نێوان ئێران و چین کە لە میانەی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەکین کرا، نهێنییە، وتی: لە نێوان ئێران و چین ڕێکەوتن کراوە و هەر دوو وڵات دۆلار لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوانیان ناهێڵن و چالاکییە بازرگانییەکان بە دراوە نیشتمانییەکانی ئێران و چین، واتە ڕیاڵ و یۆئان دەبێت.
جێگری سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی وتی: سیستەمی بانکی ئێران لە گەڵ سیستەمی بانکی ژمارەیەک لە وڵاتانی دیکە بە تایبەت ڕووسیا یەک دەخرێتەوە و چیدی بۆ ئاڵوگۆڕی بانکی لە گەڵ ڕووسیا پێویست بە سیستەمی سوئیفت ناکات.
کەریمی هەروەها جەختیکردەوە کە بانکەکانی ئێران و ڕووسیا لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە ڕێگای سیستەمە نیشتمانییەکانەوە پەیوەندییان دەبێت و پێویستی بە سوئیفت لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ ڕووسیا چارەسەر کراوە./.