بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەمزە ئەلحومسی سەرکردەی باڵای گرووپی تیرۆریستی داعش بووە کە لە ئاکامی هێرشێکی هێزەکانی هەسەدە و ئەمریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کوژرا.
مایک واڵتز ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرێسی ئەمریکا بە ئاماژە بەم هێرشە لە تویتێکدا ڕایگەیاند: داعش گەڕاوەتەوە، کۆگایەکی پڕ لە باروتمان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. دەیان هەزار تیرۆریستی داعش لە گرتووخانەکانی ئەم ناوچەیەدان کە لە لایەن کوردەکانەوە بەڕێوە دەبرێت. چەند شەوی ڕابردوو هەڵمەتێکی سەربازی جێبەجێ کرا و چوار کەس لە هێزەکانی ئەمریکا بریندار بوون بەڵام سەرکردەیەکی باڵای داعش کوژرا.
ئەو ئەندامەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە درێژەدا ڕایگەیاند: ئەم کێشەیە هێشتا چارەسەر نەبووە، تیرۆریستان لە قسەکەی بایدن سەبارەت بە لەناوچوونی تیرۆریزم یان ئەوەی کە ناوبراو دەیوێت، تێنەگەیشتوون.
هێرشەکەی ئەمریکا بە پێی ڕاگەیاندنی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سنتکۆم لە 10 ی شوبات بووە./.