بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەجیدڕەزا حەریری سەبارەت بە دەسکەوتە ئابورییەکانی سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئیران بۆ چین، وتی: گرنگی ئەم سەردانە لە گەڵ دەسکەوتە بازرگانییەکانی بۆ وڵات، دەسکەوتی سیاسییە، لە بەر ئەوەی کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران پاش 23 ساڵ بە فەرمی لە لایەن سەرۆک کۆماری چینەوە بانگهێشت کرا. لە ساڵی 2000 کە خاتەمی سەرۆک کۆماری ئێران بوو لە سەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری ئەو کاتەی چین سەردانی پەکینی کرد و ئەم جارەش ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لە سەر بانگهێشتی شی جین پینگ سەردانی ئەو وڵاتەی کرد.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – چین وتی: ئەڵبەت لە ماوەی 23 ساڵی ڕابردوو سەرۆک کۆمارانی ئێران سەردانی چینیان کردووە و تەنانەت لە گەڵ سەرۆک کۆمارانی چین کۆبوونەوەی دیکەیان هەبووە بەڵام ئاستی دانوستانەکان لە ئاستی دووقۆڵیدا نەبووە بەڵام لەم سەردانەدا چینییەکان لە باڵاترین ئاستدا پێشوازییان لە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە خۆی هەڵگری پەیامێکی ڕوونە بۆ جیهان و تەنانەت سەرۆک کۆماری چین ڕایگەیاند کە سەرەڕای بارودۆخی ناوچەکە و جیهان، ئێران هاوبەشێکی دڵنیاکەرەوەیە بۆ ئێمە و ئەمەش پەیامێکی زۆر باشە کە چۆن بتوانین ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ چین بەرز بکەینەوە.
حەریری وتی: بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و چین و بە ئەنجام گەیشتنی دانوستانەکان، ڕێکەوتنەکان و گرێبەستە واژۆکراوەکانی نێوان هەر دوو وڵات، پێویست بە پێکهێنانی لێژنەیەکی هاوبەشی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنیان دەکات و ئەگەر لەم دەرفەتانە کەڵک وەرنەگرین بە دڵنیاییەوە کە وەک دەرفەتەکانی دیکە ئەوەش لە دەست دەچێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە 20 ڕێکەوتن و گرێبەست لە نێوان هەر دوو حکومەتی ئێران و چین لە بوارە جیاجیاکان واژۆ کراوە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – چین وتی: ئەو کۆمپانیانەی وڵاتی چین کە لە گەڵ ئێران کار دەکەن گوشار و هەڕەشە و گەمارۆکانی ئەمریکایان لە سەرە بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەتوانم بڵێم کە سەردانەکە دەسکەوتی زۆر باشی سیاسی و ئابوریی هەبووە.
مەجیدڕەزا حەریری وتی: دوو بۆچوونی جیا لە سەر پەیوەندییەکانی ئێران و چین هەیە، بۆچوونێک کە دژایەتی دەکات و پێی وایە کە هیچ دەسکەوتێک لەم پەیوەندییانەدا مسۆگەر نابێت و بۆچوونی دووەم ئەوەیە کە دەڵێن سەرجەم کێشە ئابورییەکانی ئێمە بە هۆی بوونی پەیوەندی لە گەڵ چین چارەسەر دەکرێت. ئێمە دەبێت ڕاستییەکان ببینین و بزانین کە دانوستان، گرێبەست و ڕێکەوتنەکان لە درێژماوەدا ئەنجامەکانیان ڕوون دەبێتەوە و لە بوارە جیاجیاکاندا کاریگەری ئەرێنیی بۆ ئێران دەبێت.
ناوبراو وتی: وەهاش نییە کە سەرجەم کێشە ئابورییەکانی ئێمە بەم پەیوەندییانەی چینەوە چارەسەر بکرێت و دەبێت ئەوش بزانین کە هاوکارییەکانی چین لە گەڵ وڵاتانی وەک سعوودیە و ئیمارات نابێت کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی تاران و پەکین هەبێت.
سەرۆکی ژووری بازرگانی هاوبەشی ئێران – چین لە درێژەدا وتی: ژووری ئێران و چین لە هەوڵدایە کە لە ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی بە گشتی 4 نووسینگەی بازرگانی لە چین بکاتەوە و بۆ ئەمەش هەنگاوە سەرەتاییەکان دەستیپێکردووە و هەروەها دانوستانیش بۆ کردنەوەی پێشانگای هەمیشەیی کاڵای ئێرانی لە چین کراوە.
حەریری وتی: لە ساڵی 2016 دانوستانی ئەوە کرا کە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نانەوتی ئێران لە گەڵ چین بگاتە 60 ملیار دۆلار کە بە هۆی زیاتربوونی ئاستی سزا و گەمارۆکان لە ساڵی 2017 ئەوە نەکرا و تەنانەت گۆڕانکاریش لە پەیوەندییە بازرگانییەکانی هەر دوو وڵات کرا و ئاڵوگۆڕە نانەوتییەکان گەیشتە 16 ملیار دۆلار.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: خۆشبەختانە لە ساڵی ڕابردووەوە ئاستی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکانی ئێران و چین بەرز بووەتەوە و پێشبینی دەکرێت کە ئەمساڵ ئاڵوگۆڕەکان بگاتە 30 ملیار دۆلار و بە پێی ئەو ئاسۆیەی کە دیاری کراوە، لەو بڕوایەداین کە تا 5 ساڵی داهاتوو ڕێژەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و چین – بەدەر لە نەوت – بگاتە 60 ملیار دۆلار./.