بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنی کەناڵی cbs ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران بووەتە نیگەرانییەکی گەورە بۆ واشنتن.
ناوبراو وتی کە ئێران و ڕووسیا پەرە بە پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوانیان دەدەن.
بلینکەن دیسانەوە ئێرانی بە هاوکاریکردنی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراینا تۆمەتبار کرد.
ناوبراو وتی: ئێمە دەبینین کە ئێران درۆنی وای داوەتە ڕووسیا کە ئەو وڵاتە بۆ لەناوبردنی ژێرخانە مەدەنییەکان و هەروەها کوشتنی کەسانی سڤیل بەکاری هێناوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئێران پەرەی سەندووە و بڕیارە مۆسکۆ پێداویستی سەربازی بە تایبەت فڕۆکەی شەڕکەری پێشکەوتوو ڕادەستی ئێران بکات، ئەگەر ئەمە ڕوو بدات ئێران دەبێتە مەترسییەکی گەورە./.