بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا بە بۆنەی ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، پیرۆزبایی لە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و وتی: گەلی ئێران بە ڕێپێوانە مەزنەکەی 22 ی ڕێبەندان ئەوەیان سەماندەوە کە درێژە بە ڕێگای خۆیان دەدەن و باشترین وەڵامیش بۆ ئەوانە بوو کە بانگەشەی ڕووخانی ئێرانیان دەکرد.
ناوبراو وتی کە دەبێت دەسکەوتەکانی چل ساڵی ڕابردوو بە تایبەت شکستی پرۆژەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بپارێزرێت، هەوڵێکی تەواو بۆ لەناوبردنی دەسکەوتەکان هەبووە تا جارێکی دیکە لوبنان بۆ هەژموونی ئەمریکا و ڕۆژئاوا بگەڕێتەوە و مەرجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بە سەر ئەم وڵاتەدا بسەپێندرێت، بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان هاوخەمی خۆیی بە بۆنەی بومەلەرزەکەی تورکیا و سوریا بە گەل و حکومەتەکانی ئەو دوو وڵاتە ڕاگەیاند و ڕەخنەی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرت کە بە یەک چاو سەیری ئەم کارەساتە لە تورکیا و سوریا نەکراوە. هاوکات ستایشی هاوکارییەکانی حکومەتی لوبنانی کرد و وتی کە دەبێت ئەم هاوکارییانە بۆ شکاندنی گەمارۆی سوریا بەردەوام بێت لە بەر ئەوەی کە لوبنان یەکەم سوودمەندی شکستی سیاسەتی گەمارۆی سوریا دەبێت.
سەید حەسەن نەسروڵڵا بە ئاماژە بە لێدوانی گەورە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی سەبارەت بە کێشە ناوخۆییەکانی ئەم ڕژێمە وتی: ئەمڕۆ لە بەرامبەر خۆڕاگری و ڕاپەڕینی ڕاستەقینەی فەڵەستینییەکانداین و ئەگەری ئەوەش هەیە کە کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی هەلومەرجەکە بەرەو شەڕێکی تەواو ببات و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ڕوو لە زیاتربوون بکات.
ناوبراو هۆشداریی بە ئەمریکییەکاندا کە ئەگەر ڕەوشی ناوخۆیی لوبنان ئاڵۆز بکەن، دەبێت چاوەڕوانی ئاڵۆزی لە ناوچەکە بە تایبەت لە ڕژێمی زایۆنیستی بن./.