بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری گەلی چین لە کۆتایی سەردانەکەی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی بۆ ئەو وڵاتە، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا وێڕای پاڵپشتی تەواو لە کاروباری پەیوەندیدار بە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەکان و پاراستنی سەروەری نیشتمانی، جەختیان لە سەر گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و مسۆگەربوونی هاوبەشیی ستراتیژی کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە ئێران و چین بەدەر لە گۆڕانکارییەکان و هەلومەرجی نێودەوڵەتی، پابەندی پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکاری نێوانیان لە سەرجەم بوارەکاندا دەمێننەوە.
چین لەو بەیاننامەیەدا هەر دەستێوەردانێکی دەرەکیی بە ئامانجی لاوازکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئێران ڕەتکردووەتەوە و ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە پاڵپشتی لە چینی یەکگرتوو دەکات.
هەر دوو لا جەختیان لە سەر گرنگی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەی کەنداوی فارس لە ئاسایشی نێودەوڵەتی و ڕەوتی دابینکردنی وزەدا کردەوە و پەکین ستایشی ڕۆڵی گرنگی ئێرانی لە پاراستنی ئاسایشی جیهانیی وزەدا کردووەتەوە.
ئێران و چین لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا ئیدانەی هەموو شێوازێکی تیرۆر و هێرشی تیرۆریستانیان بۆ سەر کەسانی سڤیل کردووە، هەروەها دژایەتی خۆیشیان بۆ سیاسەت و ستانداردی دووفاقیی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە لایەن هەندێک وڵاتەوە دووپات کردەوە.
لە درێژەی بەیاننامە هاوبەشەکەی ئێران و چیندا هاتووە کە هەر دوو لا جەختیان لە سەر جێبەجێکردنی خێرای ڕێکەوتنی گشتی هاوبەش و بەردەوامی هاوکارییەکان لە بوارەکانی بازرگانی، کشتووکاڵ، پیشەسازی، وزە و …. کردووەتەوە.
ئێران و چین پاڵپشتی خۆیان بۆ ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین لە پێناو گەڕانەوەی ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکان و دیاریکردنی مافی چارەنووسی ئەوان ڕاگەیاند.
بە پێی دۆخی ئێستای ئۆکراینا و کاریگەرییەکانی ئەم قەیرانە لە سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی، تاران و پەکین داوایان کردووە کە بە زووترین کات لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە چارەسەر بکرێت.
ئێران و چین لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا جەختیان لە سەر بەرپرسیاریەتی ئەمریکا و ناتۆ لەم دۆخەی ئێستای ئەفغانستان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە دەسەڵاتدارانی ئێستای ئەو وڵاتە پێویستە حکومەتێکی گشتگیر بە بەشداری سەرجەم پێکهاتەکان و لایەنە سیاسییەکان پێک بێنن.
هەر دوو لا ئەمریکایان بە هۆکاری دۆخی ئێستای ڕێکەوتنی ناوەکی و جێبەجێنەکردنی بڕیاری 2231 ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناو برد و جەختیان لە سەر هەڵگرتنی گەمارۆکان و پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان لە پێناو زیندووکردنەوەی ئەو ڕێکەوتنە کردووەتەوە./.