بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان، هەر گژوگیایەک بۆ چارەسەری نەخۆشی بەکار نایەت، دەبێت گژوگیاکان لێکۆڵینەوەی لە سەر کرابێت و بە بەڵگەی زانستی و لە ڕێگای تاقیگەیی سەلمێندرابێت کە گژوگیاکە پزیشکییە و بۆ مەبەستی چارەسەری نەخۆشی سوودی لێ وەردەگیرێت.
ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانیش ئاماژەی بەوە داوە کە نزیکەی لە سەدا 80 ی دانیشتووانی جیهان چارەسەر بە گژوگیای پزیشکی وەک چارەسەرێکی پزیشکی جێگرەوە و تەواوکەرەکان بەکار دێنن.
هەندێک گژوگیا هەیە ژەهراوین و بۆ چارەسەر بەکار نایەن و لە جۆری ڕوەکە ژەهراوییەکانن و هەندێک ڕوەکی دیکە هەیە کە بەکارهێنانیان قەدەغەکراوە لە ڕووی یاساییەوە. لە بەر ئەوەی کە مادەی سڕکەریان تێدایە و کاریگەری خەراپ لە ڕووی بایەلۆژی و فسیۆلۆژی درووست دەکات لە سەر جەستەی بەکارهێنەر، هەر بۆیە ناکرێت و ناگونجێت هەر کەسێک لە لای خۆیەوە بۆ چارەسەری نەخۆشی کار بە گژوگیا بکات. دەبێت کەسانی شارەزا و پسپۆڕ کاری تێدا بکەن و بەکاری بێنن بۆ چارەسەری نەخۆشی. بە پێچەوانەی ئەمە لە جێی چارەسەر کارەسات دەنێتەوە و خەڵکی بەکارهێنەر دەبنە قوربانی و پێی نەخۆش دەکەون.
گژوگیای پزیشکیش ئەگەر کەسی چارەسەرکار شارەزاییەکی باشی نەبێت و پزیشکی پسپۆڕ لە بواری دەرمانی گیایی بەکاری نەهێنێت و ڕێنمایی و ئامۆژگاری سەبارەت بە چۆنیەتی بەکارهێنان و خواردنی بە بەکارهێنەرەکە نەدات، ڕەنگە ئەو کەسەی بەکاری دێنێت تووشی گرفتێکی درێژخایەنی تەندرووستی بکات، یان هەندێک جار ئەندامێکی لە دەست بدات و ژەهراوی ببێت و بیکوژێت.
خەڵکانێکی زۆر ڕوو لە چارەسەر بە گژوگیای پزیشکی دەکەن بەڵام دەبێت وریا بن، بڕۆنە لای کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لەو بوارەدا. هەر بۆیە ناکرێت کەسانێک بڕۆنە لای ئەو کەسانەی لە ژێر ناوی دکتۆر و شارەزا و مەلا و شێخ کار دەکەن و هاتوون دەستیان داوەتە ئەم بوارە پزیشکی و هەستیارە و بە ناوی چارەسەری سرووشتی تێکەڵە و گیراوە و کەپسول و مەرهەم بە خەڵک دەفرۆشن. لە کاتێکدا ئەوەی ئەوان درووستی دەکەن لە تێکەڵی گیایی، گیراوی گیایی، کەپسولی گیایی، مەرهەمی گیایی کە بە ناوی چارەسەری سرووشتی بە خەڵکی دەدەن، دوورە لە بنەمای زانستی و پزیشکی و ڕەنگە زۆر ناتەندرووستیش بێت، لە بەر ئەوەی کە چاودێری حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە تایبەت لێژنەکانی تەندرووستیی لە سەر نییە.
ئەو تێکەڵە و گیراوە و کەپسول و مەرهەمە گیاییانە چۆن و بە چ پێوەر و بنەمایەکی زانستی بەرهەم هاتوون؟
هەندیک کات عەتارەکانیش تێکەڵە و گیراوە و کەپسول و مەرهەم درووست دەکەن و بە خەڵکی دەدەن. ئەوەش کارەسات و مەترسییەکی دیکەیە لە سەر ژیان و تەندرووستی هاووڵاتیان، هەر بۆیە ناکرێت و ناگونجێت چیتر خەڵک لە ڕێگای پڕوپاگەندەی ڕێکلامی تەلەفزیۆنی و سۆشیاڵ میدیا و بڵاوکراوەکای دیکە، تێکەڵە و گیراوە و کەپسول بکڕن بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان.
بە تایبەت خەڵکانێک بۆ پارە پەیداکردن و بازرگانیکردن تێکەڵە و گیراوە و کەپسول و مەرهەم درووست دەکەن بۆ دابەزاندنی کێش، قەڵەوکردنی جەستە و پێستی دەموچاو، گەورەکردنی کۆئەندامی نێرینە، سمت و ڕان و سنگ، یان بۆ هەر مەبەستێکی دیکە. فرۆشتنی دەرمانی گیایی کاریگەری خەراپ و مەترسیی دەبێت لە سەر تێکچوون و لەدەستدانی ئەندامێکی جەستە وەک جگەر، گورچیلە، ۆەنکریاس، دڵ و …. .
ئەگەر کەسێک بڵێ کە من ئەزموونی چەندین ساڵەم هەیە لە بواری گیایی و لە باوک و باپیرانەوە بۆم ماوەتەوە، ئەو قسەیە هیچ پێوەرێکی زانستی و تەندرووستیی نییە. لە بەر ئەوەی کە ئەو کەسە دەبێت شارەزا بێت و خوێندن و خول و ڕاهێنانی هەبێت و گژوگیای پزیشکی بناسێت، کاریگەرییە باش و لاوەکییەکانی بزانێت و بە ڕێنمایی و بنەمای زانستی کار بکات، هەروەها جیاوازییەکانی لە گەڵ ڕوەکە ژەهراوییەکان و قەدەغەکراوەکان بزانێت و لێی شارەزا بێت. ئەگەر نا ژیانی خەڵک دەخاتە مەترسییەوە و هەندێک کەس کە بۆ پارە پەیداکردن و دوور لە بنەمای زانستی ئەو کارە دەکەن و لە پشت شاشەی لاپتۆپ و مۆبایلەکان تێکەڵە و گیراوە و کەپسول درووست دەکەن مەترسییەکی گەورە لە سەر ژیانی هاووڵاتیان دادەنێن.
گرنگە هاووڵاتیان بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن و سەردانی ئەو کەسانەش بکەن کە لە بواری دەرمانی گیایی شارەزاییان هەیە، بە پێچەوانەی ئەمەشەوە ژیان و تەندرووستی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە./.