ئێستا بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی سوریا، گەلی ئەم وڵاتە لە ژن و منداڵ و گەنج و بەساڵاچووی کردووەتە ئامانج و تەنانەت نەخۆشەکان و منداڵانی برسی یان ئەو کەسانەی کە لە ژێر داروپەردوی خانووە ڕووخاوەکانی بومەلەرزەکەدا بوون، لەم سیاسەتە زاڵمانەی ئەمریکییەکان بێبەش نەبوون.
مرۆڤایەتی لای حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بەهایەکی نەماوە، مێژووی پڕ لە تاوان و کوشتاری ئەو وڵاتە گوزارشت لە ڕاستییەکان دەکات. ئەمریکا لە سەرجەم وڵاتان بە تایبەت لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی شوێن پێی تاوانەکانی خۆیی بەجێهێشتووە و بومەلەرزەکەی سوریا ئەو تاوانانەی لە ئاستێکی گەورەتردا بۆ جیهان بە گشتی ڕوون کردووەتەوە.
ئەمریکییەکان کە منداڵانی سوریا بە برسێتی و سزا و گەمارۆکان لە ناو دەبەن و تیرۆریستانیان بۆ کوشتن و سەربڕینی ئەوان بە کرێ گرتووە و ڕێگری لە گەیشتنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ سوریا دەکەن، دەنگی هاوار و ئێش و ئازاری خەڵکی لێقەوماوی ئەم وڵاتەش بە هۆی کارەساتی بومەلەرزەکەوە کاریگەریی لە سەر وازهێنانی کۆشکی سپی و دەسەڵاتدارانی ئەمریکا لە تاوان و کوشتن و بڕیاری دژە مرۆڤانە نەبووە.
کاتێک زیاتر لە 7 دەیە ڕووخانی خانووی فەڵەستینییەکان لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کاریگەریی لە سەر ویژدانی ئەمریکییەکان نەبووە، ئایا دەتوانین چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە ڕووخانی خانووی سورییەکان کاریگەری لە سەر ویژدانی ئەوان دابنێت، ئەو ئەمریکایەی کە لە ماوەی 11 ساڵی ڕابردوو لە گەڵ زایۆنیستەکان و تیرۆریستان گەورەترین تاوانیان لە دژی خەڵکی سوریا کردووە.
پێویست بەوە ناکات کە شارەزای کاروباری ئابوری بین تا بەوە بگەین کە زیانەکانی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە دژی گەلی سوریا چەندە. گەلی سوریا باجی خۆشەویستی خاک و نیشتمانی خۆیان دەدەن، ئەوان 11 ساڵە وڵاتی خۆیان لە بەرامبەر دەیان پیلانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی ڕۆژئاوا و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بەوان پاراستووە.
سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا وەک بومەلەرزە ئێسقانی گەلی سوریای شکاندووە بەڵام ئەوەی کە ئەمریکییەکان لێی تێنەگەیشتوون، ئەوەیە کە گەلانی ئازادیخواز ڕەنگە ئێش و ئازار و برسێتی قبووڵ بکەن بەڵام هیچ کات ئیرادەی خۆیان لە دەست نادەن، لە بەر ئەوەی کە دەزانن خۆبەدەستەوەدان لە بەرامبەر ئەمریکا زیانی زیاتر و ئێش و ئازاری زیاترە لە برسێتی و مردن./.