بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد حوسێن لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن، لە چاوپێکەوتنی پێگەی ئەلمانیتۆر وتی: لە گەڵ ئەمریکییەکان و ئێرانییەکان لە پەیوەندیداین و هەر دوو لا متمانەیان بە ئێمە هەیە و لە بەرژەوەندی و قازانجی عێراقە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە دابەزێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق پێش کۆبوونەوەی لە گەڵ ڕۆبرت مالی بەرپرسی کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە تەلەفوون وتووێژی لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەی کرد.
لە میانەی کۆبوونەوەی فۆئاد حوسێن و ڕۆبرت مالی، سەبارەت بەو وتووێژە تەلەفوونییە و دانوستانی ناوەکی بیر و ڕا ئاڵوگۆڕ کرا.
وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئەلمۆنیتۆری ڕاگەیاند کە درێژە بەو پەیوەندییانە دەدرێت.
فۆئاد حوسێن وتی: ئەمریکا هاوپەیمانێکی گرنگ و ئێرانیش بە هەمان شێوە دراوسێیەکی گرنگە کە بەرژەوەندی و خاڵی هاوبەشی زۆری لە بوارە جیاجیاکاندا لە گەڵ عێراق هەیە، هیوادارین کە هەر دوو لا پێکەوە وتووێژ بکەن و بڕیار بە دەستی خۆیانە.
وەزیری دەرەوەی عێراق سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی تاران و مۆسکۆ وتی: سزاکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە دژی ئێران و ڕووسیا تەنیا پرسی عێراق نییە بەڵکوو کاریگەریی لە سەر وڵاتانی جیهان بە تایبەت لە ڕووی کاروباری بانکییەوە داناوە. عێراق چاوەڕوان دەکات قەرزەکانی بە هەر دوو وڵاتی ڕووسیا و ئێران بداتەوە بەڵام هیچ هەنگاوێک لە زیانی عێراق و بانکەکانی هەڵناگرین.
ناوبراو وتی: بە بەرپرسانی ئێران و ڕووسیامان وتووە کە دەبێت تێڕوانینی جێگرەوە بۆ هاوکاری لە گەڵ ئەمریکییەکان بدۆزینەوە./.