بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام لە بەرامبەر بە خەڵکی جیهان سیاسەتێکی دووفاقییان پەیرەو کردووە و لە کاتێکدا کە بانگەشەی بەرگری لە مافی مرۆڤ دەکەن بەڵام مافی مرۆڤ بۆ ئەوان تەنیا ئەو وڵاتانە لە خۆ دەگرێت کە ملکەچی سیاسەت و زوڵمی واشنتن و ئەورووپییەکانن.
بومەلەرزە بەهێزەکەی باشوری تورکیا و باکوری ڕۆژئاوای سوریا تاقیکردنەوەیەکی دیکە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو تا دیسانەوە سەرکردەی ئەو وڵاتانە لە ئەزموونی گەلدا ڕەتبکرێنەوە، ئەو ئەزموونەی کە دیسانەوە ئەوەی سەلماندەوە گیانی مرۆڤە بێ تاوانەکان هیچ بایەخێکی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا نییە و بۆ ئەوان تەنیا بەرژەوەندییەکان گرنگە، ئەگەر ئەم بەرژەوەندییە لە ئۆکراینا بێت لە ماوەی کەمتر لە یەک ساڵدا زیاتر لە 100 ملیار دۆلار هاوکاری دەکەن و وەک هاوکاری مرۆڤدۆستانە ناوی دەبەن بەڵام ئێش و ئازاری گەلی سوریا بە چاو نابینن.
تەنیا بڕیاری ئەمریکای تاوانبار و شوێکەوتووانی واشنتن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بڕیاری بێ کاریگەر و ڕواڵەتیانەی سووککردنی سزاکانی سەر سوریا بۆ ماوەی 180 ڕۆژ بووە، ئەو سزا و گەمارۆ زاڵمانەیە کە تەنیا بە هۆی خۆڕاگری گەل و حکومەتی سوریا لە بەرامبەر تیرۆریستیە پاڵپشتیکراوەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی لە دژی ئەوان جێبەجێ کراوە.
لە کارەساتی بومەلەرزەکەی باشوری تورکیا و باکوری ڕۆژئاوای سوریا پرسی مافی مرۆڤ بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەنگ و بۆنێکی دیکەی هەیە و خەڵکی لێقەوماوی سوریا جیاوازییان لە گەڵ خەڵکی تورکیا هەیە، واتە ستانداردەکانی مافی مرۆڤ بۆ سەرکردەی وڵاتانی ڕۆژئاوا جیاوازیی هەیە. بەرپرسانی تورکیا ڕایانگەیاندووە کە لە لایەن 100 وڵاتەوە هاوکارییان پێگەیشتووە، بەڵام تەنیا 13 وڵات هاوکاری لێقەوماوانی بومەلەرزەکەی سوریایان لەم هەلومەرجە دژوارەدا کردووە.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە خەڵکی لێقەوماوی تورکیا پێویستی زیاتریان بە هاوکارییە مرۆییەکان هەیە، خەڵکی سوریاش مرۆڤن و لەم کارەساتەدا چاویان لە سەر ئەو هاوکارییەی وڵاتانی دیکەیە، ئەوان 12 ساڵە لە بەرەی شەڕی دژ بە تیرۆریستاندان، ئەو تیرۆریستانەی کە بەردەوام لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاوا، ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی کاتیی زایۆنیستی پاڵپشتی دەکرێن.
هەلومەرجەکە بۆ خەڵکی لێقەوماوی سوریا هێندە دژوارە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی وەک کارەسات ناویان بردووە.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان و سیاسەتی دووفاقیی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر پرسی مافی مرۆڤ، گرنگیدانی میدیا نێودەوڵەتییەکانە بە بومەلەرزەکەی تورکیا و پشتگوێخستنی هەمان کارەساتە لە سوریا. ئەمەش پیشان دەدات کە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت خەڵکی سوریا زیاتر لە کێشە و قەیرانەکاندا بمێننەوە و لە کوژران و ئازاری ئەم خەڵکە هەست بە چێژی زیاتر دەکەن، ئەمەش تەنیا زوڵم و تاوانەکانی ئەو وڵاتانە ڕوونتر دەکاتەوە./.