بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی پێنج شەممە 9 ی شوبات لە ڕێوڕەسمێکدا بە بۆنەی چل و چوارەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە بە ئامادەبوونی باڵیۆزان و نوێنەرانی سیاسی وڵاتانی بیانی بەڕێوەچوو، وتی: ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا بەرامبەر بە ئێران تووشی خوێندنەوە و تێڕوانینی هەڵە بوون، ئەوان لە جێی کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتی دانوستان و گەڕانەوە بۆ بەڵێنەکان، بە دانپێدادانی بەرپرسانی فەرمی خۆیان، هەوڵیان داوە بە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی ئێران، خۆیان لە ڕاستییەکان و بەڵێن و بەرپرسیاریەتییەکانی گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بەلاڕێدا ببەن.
ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژە بە لێدوان و دەستێوەردانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ئاژاوەگێڕییەکانی چەند مانگی ڕابردووی ئێران، وتی: لە چەند مانگی ڕابردوو شەپۆلێک لە دەستێوەردان و پیلانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی ئێران بینرا، ئەو وڵاتانە بە پشت بەستن بە سزا و گەمارۆکان و زانیاری تەواو هەڵەی دوژمنان و نەیارانی گەلی ئێران، خۆیان خستووەتە بەرامبەر گەلی خۆڕاگر و سەربەرزی ئێران و یەکێک لە دیارترین و ئاشکراترین شەڕی هەمەلایەنەیان لە دژی ئێرانی ئیسلامی بەڕێوەبرد.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی کە ئەم پیلانگێڕییە لە ئاستی نێودەوڵەتی لە لایەن نەیاران و دوژمنانی گەلی ئێرانەوە بەردەوامە و ئەڵبەت چارەنووسی پیلانی ئەو وڵاتانە شکستە، ئەو شکست و سەرشۆڕییە کە بینرا و لە داهاتووشدا زیاتر دەبینرێت./.