بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ڕۆژی پێنج شەممە 9 ی شوبات لە ڕێوڕەسمێکدا بە بۆنەی چل و چوارەمین ساڵیادی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کە بە ئامادەبوونی باڵیۆزان و نوێنەرانی سیاسی وڵاتانی بیانی بەڕێوەچوو، وتی: کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێناو بەهێزبوونی بواری ئابوری، پەرەی بە هاوکاری و پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دەرەوە بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی داوە.
ناوبراو سەبارەت بە دانوستانەکانی هەڵگرتنی گەمارۆکان وتی: ئێران لە مێزی دانوستان دوور نەکەوتووەتەوە و بەردەوام گرنگیی بە دانوستانەکان داوە بەڵام بە ڕاشکاوانە بە ئەمریکییەکانمان ڕاگەیاندووە کە دەبێت لە نێوان پەیامە فەرمییەکان و لێدوانە میدیاییەکان یەکێک هەڵبژێرن، لە بەر ئەوەی کە سیاسەتی دووفاقی لەم ڕێگایەدا کاریگەر نابێت.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەگەر لایەنەکانی بەرامبەر بە خواست و ئیرادەیەکی ڕاستەقینە هەوڵی گەڕانەوە بۆ ئەم ڕێکەوتنە بدەن، ئێران لە ڕێگای دیپلۆماسی پێشوازی لە هەر ڕێکەوتنێکی بەهێز و بەردەوام دەکات، ئێران بۆ مسۆگەربوونی ئامانجەکانی دانوستان دەکات.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بە ئاماژە بە هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئاگربەست لە ئۆکراینا وتی کە ئێمە سیاسەتی دووفاقی لە دۆسیەی ئۆکراینا بە گونجاو نازانین.
ناوبراو هەروەها وتی کە کۆشکی سپی و ژمارەیەکی کەم لە وڵاتانی ڕۆژئاوا لە چەندین مانگی ڕابردوو هەوڵی ئاژاوەگێڕییان لە ئێران دەدا بەڵام گەل ئەوەیان سەلماند کە ئێران وڵاتی کودەتا ڕەنگینەکان نییە./.