بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” فالح قورەیشی “ بە ئاماژە بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی پەرلەمانی ئەورووپا لە دژی ئێران، وتی: هۆکاری ئەو بڕیارەی پەرلەمانی ئەورووپا لە دژی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، خۆڕاگری ئەم وڵاتەیە لە بەرامبەر هەژمونی ئەمریکا و دژایەتی ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی.
ناوبراو وتی: بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەورووپا لە دژی ئێران بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت کە موڵەتی ئەوە بە وڵاتانی جیهان دەدات بەرگری لە سنورەکان و بەرژەوەندی نیشتمانی و ئایدۆلۆژیای خۆیان بکەن.
ئەو لێکۆڵەرە عێراقییە وتی: ئەم هەموو دوژمنایەتییە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئەوەیە کە ئێران وڵاتێکی سەربەخۆیە و ناچێتە ژێر باری دەسەڵاتی ئەمریکاوە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیش لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی قبووڵ ناکات.
فالح قورەیشی لە درێژەدا وتی کە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران بووەتە هۆی سەرهەڵدانی بەرەیەک لە ڕای گشتی لە جیهانی عەرەب، جیهانی ئیسلام و گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بۆ دژایەتی هەر ملکەچبوونێک لە بەرامبەر هەژمونی ئەمریکا و هەروەها پێویستی کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی زایۆنیستەکان لە فەڵەستین و تاوانەکانی لە ناوچەکە.
ناوبراو وتی: بە پێی ڕۆڵ و کاریگەری ئێران و بەرەی خۆڕاگری بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی هەندێک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بۆ پێکهێنانی گرووپی تیرۆریستی داعش، ئاساییە کە ئەمریکا لەم بابەتە شڵەژاو بێت.
قورەیشی وتی کە ئەمریکا لە پێشکەوتنە سەربازی و بەرگرییەکانی ئێران شڵەژاوە و ڕۆڵی تاران بە تایبەت شەهید حاجی قاسم سولێمانی لە شکستی پیلانگێڕی داعش و هەروەها هاوکاریکردنی خۆڕاگریی سوریا و عێراق بەرچاو بووە.
ئەو لێکۆڵەرە عێراقییە وتی: ئێران لە ساڵانی ڕابردوو ئەوەی بە ڕای گشتی لە جیهانی عەرەب پیشاندا کە چۆن بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی پاڵپشتییان لە داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی سوریا و عێراق کردووە، بەڵام لە ئاکامدا ئەو گرووپانەش کە لە لایەن ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە پاڵپشتی دەکران، شکستیان هێنا.
فالح قورەیشی وتی: ڕۆڵی بەرەی خۆڕاگری و بەرگری لە فەڵەستین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سیاسەتەکانی ئێراندا ڕوون بووەتەوە. ئێستا سەبارەت بە دۆسیەی فەڵەستین دوو بەرەی دژ بە یەک بوونی هەیە، بەرەی خۆڕاگری کە لە هەژمونی ئەمریکا سەربەخۆیە و بۆ مسۆگەربوونی مافەکانی گەلی فەڵەستین و ئازادکردنی ئەم خاکە لە داگیرکاریی زایۆنیستەکان هەوڵ دەدات و بەم هۆیەوە ئەمریکا و زایۆنیستەکان ئێران وەک دوژمنی پلەی یەکی خۆیان ناو دەبەن.
ناوبراو وتی: بەرەی دووەم لە ناوچەکە، بەرەی سازشت و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانە لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی و بە فەرمی ناساندنی ڕژێمی کاتی و تەزویری تەل ئەبیب، ئەم بەرەیە لە لایەن ئەمریکا، سعوودیە، چەندین وڵاتی ناوچەی کەنداوی فارس، ئەردەن و میسر سەرکردایەتی دەکرێت و هەوڵی پەیوەندی سیاسی، ئابوری و بازرگانی لە گەڵ زایۆنیستەکان دەدات.
وتیشی کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ دوژمنی زایۆنیستی خیانەتە لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین و پیرۆزییەکان و بە پێچەوانەی چەند حکومەتێکی بەکرێگیراوی عەرەبی، خەڵکی جیهانی عەرەب دژی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانن و ئەمەش لە مۆندیالی 2022 ی قەتەر بە ڕوونی بینرا.
قورەیشی دڵنیایی ئەوەیدا کە بەرەی خۆڕاگری وەک بەرەی ماف و ڕاستی، سەرجەم پیلانگێڕییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی تووشی شکست دەکات./.