بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەهدی سەفەری سەبارەت بە کاریگەری دیپلۆماسی ئابوری لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و زیاترکردنی ڕێژەی هەناردەی ئێران، وتی: کۆی گشتی هەناردەی نانەوتی ئێران لە 10 مانگی ڕابردووی ساڵی 1401 ی کۆچی هەتاوی گەیشتووەتە 45 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو لە سەدا 18 بەرزبوونەوەی هەبووە و ئەم دەسکەوتەش لە مێژووی دیپلۆماسی ئابوری ئێراندا کەم وێنە بووە.
جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هەوڵەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، وتی: بە جێبەجێکردنی گرنگیدان بە وڵاتانی دراوسێ لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕێژەی هەناردە لە گەڵ ئەو وڵاتانە لە سەدا 42 بەرز بووەتەوە کە ئەمەش بابەتێکی گرنگە.
سەفەری بە ئاماژە بەوەی کە وڵاتانی چین، عێراق، تورکیا، ئیمارات، هیندستان و …. لە ڕیزی وڵاتانی ئامانجدان بۆ هەناردەی کاڵای ئێرانی و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری و بازرگانییەکان، وتی کە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا لە گەڵ زیاتر لە 35 وڵات پەیوەندی بەردەوامی بازرگانی هەیە.
ناوبراو سەبارەت بە بوونی ئێران لە بازاڕی وڵاتانی ئەفریقی وتی: لە ئێستادا لە گەڵ 5 وڵاتی نوێ دانوستان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان دەکەین.
ڕاشیگەیاند کە لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان، 35 ڕاوێژکاری بازرگانیی ڕاهێنراو ڕەوانەی 35 وڵاتی ئامانج دەکرێن.
مەهدی سەفەری وتی: لە سەدا 90 ی باڵیۆزخانەکانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە، ڕاوێژکاری ئابوریمان وەک دیپلۆمات هەیە بەڵام ڕاوێژکاری بازرگانی 35 کەسن کە تا ئێستا 25 کەس لەوان ئیش و کاریان دەستپێکردووە و 10 کەس لەوان ماونەتەوە.
جێگری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری دیپلۆماسی ئابوری وتی: لە هەندێک وڵاتی وەک عێراق دەبێت چەندین ڕاوێژکاری بازرگانیمان هەبێت، بۆ نموونە لە بەغدا، بەسرە و هەرێمی کوردستان، یان لە وڵاتێکی وەک چین لە شانگهای، پەکین و گوانگجۆ ڕاوێژکارانی بازرگانیی ئێران چالاکی دەکەن./.