بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی هەینی لە وتووێژی تەلەفوونی لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا دوایین ڕەوشی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵاتی تاوتوێ کرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە جۆبایدن وێڕای پشتیوانیی بۆ سەقامگیری، ئاسایش و سەربەخۆیی عێراق و پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ستراتیژیی نێوان واشنتن و بەغدا جەختیکردووەتەوە کە پاڵپشتی لە تێڕوانینی محەممەد شیاع سودانی بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ عێراقییەکان دەکات.
سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆک کۆماری ئەمریکا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئاسایشی ناوچەکە بەندە بە ئاسایشی عێراقەوە و لە سەر ئەوە ڕێکەوتوون کە نابێت عێراق یان ئەو ناوچانەی کە هێزە بیانییەکانی تێدا جێگیر کراوە وەک سەکۆیەکی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ بەکار بهێندرێت./.