بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک گرنگترین سوودە تەندرووستییەکانی خواردنی هەنجیری وشککراوی باس کردووە کە لە درێژەدا ئاماژە بەوان دەدرێت:
دەوڵەمەندە بە مادە ڕیشاڵەییەکان، هەر بۆیە ڕۆڵی هەیە لە چالاککردنی کۆئەندامی هەرس و نەهێشتنی قەبزی، هەروەها گرنگە بۆ دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خەراپ.
خۆپاراستن لە نەرمبوونەوەی ئێسک و ئێسکەنەرمە و کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان، لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە هەموو ئەو کانزایانەی گرنگن بۆ ئێسک وەک کالسیۆم و مەگنسیۆم.
پاراستنی تەندرووستی پێست و هێشتنەوەی بە گەنجی و ڕێگریکردن لە دەرکەوتنی چرچ و لۆچی.
سەرچاوەیەکی گرنگی مادەی ئاسنە، بۆیە گرنگە بۆ خۆپاراستن لە کەمی ئاسن و کەمخوێنی و چارەسەرکردنیان بە تایبەت لە ژنان و منداڵاندا.
خۆپاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان، لە ڕێگای کەمکردنەوەی هەوکردن لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە کانزا و ڤیتامینەکان لە گەڵ مادە دژە ئۆکسانەکان کە ڕۆڵیان هەیە لە خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە.
یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی بەرزی فشاری خوێن دەدات بە هۆی بوونی بڕێکی باشی کانزای پۆتاسیۆم.
یارمەتی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خەراپ دەدات بە هۆی دەوڵەمەندی بە مادە ڕیشاڵییەکان.
ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی قەبزی.
بەسوودە بۆ چارەسەری لاوازی و کەمی کێش ئەگەر ڕۆژانە بڕێکی باشی لێ بخورێت./.