بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕۆژی سێ شەممە لە گەڵ کازم غەریب ئابادی جێگری سەرۆکی دەزگای دادی ئێران و شاندی یاوەری کۆبوونەوە.
لەو کۆبوونەوەدا پەیوەندی دۆستانە و هاوکاری نێوان هەر دوو وڵات و چۆنیەتی پتەوکردنی و پشت بەستن بە وتووێژ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوازێک لە پێناو بەرژەوەندی هەر دوو گەل و وڵاتی دراوسێ بێت، تاوتوێ کرا.
ئەعرەجی لەو کۆبوونەوەدا جەختیکردەوە کە هەمووان ڕەزامەندییان لە سەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و لەناوبردنی دەرفەتی مانەوە و چالاکیی گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهان، بە پێی ئەوەی کە تیرۆریزم بەردەوام وەک هەڕەشەیەکە لە سەر جیهان و دەبێت لە هەر ڕوویەکەوە لە ناو ببرێت.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق وتی کە تاران و بەغدا یەک ئامانجی هاوبەشیان هەیە لە پێناو دوورخستنەوەی ناوچەکە لە هەر ئاڵۆزییەک و لێک تێگەیشتنی وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.
ناوبراو وتی کە لە پاش سەردانەکەی محەممەد شیاع سودانی بۆ تاران، حکومەتی عێراق بە جیدی هەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران دەدات.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا غەریب ئابادی جێگری سەرۆکی دەزگای دادی ئێران وتی کە پەیوەندی و هاوکاریی نێوان هەر دوو وڵات ستراتیژییە و هەر چی هاوکاری نێوان دەزگای دادی هەر دوو وڵات زیاتر و کاریگەرتر بێت، بەربەستەکانی بەردەم بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکان ئاسانتر چارەسەر دەکرێت./.