بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە سەردانەکەی ڕۆژی یەک شەممە 29 ی کانوونی دووەمی 2023 ی بۆ تاران و لە کۆنگرەیەکی هاوبەشی ڕۆژنامەوانی لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هاوتا ئێرانییەکەی، وتی: هیوادارین ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دیسانەوە چالاک بکرێتەوە و سزاکانی سەر ئەم وڵاتە نەمێنێت، ئەمریکا چەند پەیامێکی بۆ ئێران ناردووە، هەروەها لایەنەکانی دیکەش پەیامیان ناردووە، ئێستا دەرفەتێکی لەبارە کە ناکۆکی و کێشەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکەوتنی ناوەکی چارەسەر بکرێت و هەلومەرجێکی گونجاو بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە دابین بکرێت.
ناوبراو وتی: ئەمریکا پەیامی نوێی بۆ ئێران بە ئێمە داوە کە ڕادەستی تارانی بکەین، ناوەڕۆکی پەیامەکانیش پەیوەندی بەم ڕێکەوتنەوە هەبووە یان ڕەنگە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بەم بابەتەوە نەبێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر سەبارەت بە هاتووچۆی بەرپرسانی هەر دوو وڵات وتی: لە گەڵ ئێران هاوکارییەکی مێژووییمان هەیە و پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە ئاستێکی باڵادایە و ئەم پەیوەندییانەش کاریگەری باشی لە سەر سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.
محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وتی: قەتەر هەموو کات هەوڵی باشترین پەیوەندی و زیاترین هاوکاریی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و ئێران داوە.
ناوبراو سەبارەت بەوەی کە ئایا دەکرێت قەتەر میوانداری لە دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکات یان نە، وتی: ئێمە بە پێی گەشبینی و نەبوونی بێهیوایی سیاسەت دەکەین، بە هەموو هێزێکەوە هەوڵ دەدەین کە ترس و دڵەڕاوکێی لایەنەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی نەمێنێت تا کەشێکی لەبار بۆ دانوستانەکان دابین بکرێت، گرنگ نییە کە دانوستانەکان لە کوێ بەڕێوە ببرێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی: قەتەر هەوڵی سەقامگیری ناوچەکە و گەیشتن بە ڕێکەوتنی ناوەکی دەدات لە بەر ئەوەی کە بابەتێکی گرنگە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی، لە چەند مانگی ڕابردوو بەداخەوە هەلومەرجێکی گونجاو و ئەرێنی نەبووە و هەوڵ دەدەین دۆخەکە ئارامتر بێت و ناکۆکییەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی چارەسەر بکرێت./.