بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وانگ ونبین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین سەبارەت بە تاڵانکردنی نەوتی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە، وتی: ئێمە لە تاڵانکردنی سوریا لە لایەن ئەمریکاوە نیگەرانین، وەها دزییەک قەیرانی وزە و کارەساتی مرۆیی لە سوریا زیاتر دەکات، مافی خەڵکی سوریا لە لایەن ئەمریکییەکانەوە پێشێل کراوە، بە نەبوونی نەوت و خۆراک خەڵکی سوریا لەم وەرزی زستانەدا زیاتر تووشی کێشە بوون.
ناوبراو وتی: ئەمریکا لە لایەکەوە سەرچاوە سرووشتییەکانی سوریا و وڵاتانی دیکە تاڵان دەکات و لە لایەکی دیکەوە بە دەیان ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازی بە وڵاتێکی وەک ئۆکرانیا دەدات، ئەمریکا شتێک بە وڵاتێک بدات یان شتێکی لێ وەربگرێت، ئەو وڵاتە دەخاتە ئاژاوە و قەیرانەوە و ئەمەش بووەتە بەشێک لە سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ونبین وتی کە ئەمریکا دەبێت وەڵامدەرەوەی دزینی نەوتی سوریا بێت، خەڵکی سوریا و کۆمەڵگای جیهانی دەبێت وەڵامێک وەربگرن، ئێمە داوا لە ئەمریکا دەکەین واز لە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی بێنێت./.