بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی کە لوبنان، عێراق، سوریا و یەمەن سەرکەوتنەکانیان قەرزداری شەهیدانە، شەهیدان دەسکەوتی زۆریان هەبووە، بەشێک لە شەهیدان کاریگەرییەکانیان زیاترە لەم سەردەمەی خۆیان.
ناوبراو وتی: کاتێک کە لە شەهید حاجی قاسم سولێمانی دەڕوانین دەبینین کە ئەو زیاترە لە ئێستا و لەم سەردەمە و شەهیدی هەموو جیهانی ئیسلامە، ئەو تەنیا شەهیدی عێراق، سوریا و لوبنان نییە و شەهیدێکە لە ئاستی جیهان.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی: حاجی قاسم لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو باشترین فەرماندە بووە کە ڕێگریی لە داگیرکردنی ناوچەکە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە کرد، ئەوان بیریان دەکردەوە کە داگیرکردنی عێراق و وڵاتانی دیکە ئاسان دەبێت بەڵام بەرەی خۆڕاگری کە پێکهێنرا، ئەو پرۆژەیەی تووشی شکست کرد.
ناوبراو وتی: پیلانەکانی ئەمریکا وەک پێکهێنانی داعش بۆ ناوچەکە زۆر مەترسیدار بوو، ئەو بەرەیەی کە ڕوبەڕوی ئەم پیلانگێڕییە بوویەوە، حاجی قاسمی تێدا بەشدار بوو و دەسکەوتی زۆری بە دەست هێنا، حاجی قاسم پرۆژەی ئیسرائیلی گەورەشی تووشی شکست کردەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕژێمی زایۆنیستی لە پشتەوەی دیوارە بەرزەکاندا خۆی حەشار بدات و لە شکست و بێهیواییدا بەسەر ببات.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی کە ناوچەکە بۆ چارەسەربوونی کێشەکانی پێویستی بە شەهیدانی وەک حاجی قاسم سولێمانییە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان وتی کە ئەمریکا لە لوبنان دەستێوەردانی هەیە و ئەم کێشانەش هەیە، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکانیش پێویستمان بە شەهیدانی وەک شەهید سولێمانی دەبێت./.