بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی RBK لە سەر زاری وەزیری دارایی ڕووسیا ڕایگەیاند کە مامناوەندی نرخی نەوتی ئەم وڵاتە لە 15 ی کانوونی یەکەمی 2022 تا 14 ی کانوونی دووەمی 2023، 46.82 دۆلار لە هەر بەرمیل یان 341.8 دۆلار بۆ هەر تەنێک بووە.
ئەو ڕێژەیەش کەمترە لەو نرخەی کە لە لایەن گرووپی حەوتەوە بۆ هەر بەرمیلێک لە نەوتی ڕووسیا دیاری کراوە، تەنانەت نیوەی نرخی نەوتی برێنتە کە ڕۆژی سێ شەممە 17 ی کانوونی دووەم نزیکەی 85 دۆلار بووە.
پاش ئەوەی کە وڵاتانی G7 و ئۆسترالیا لە مانگی کانوونی یەکەم، نرخی 60 دۆلاریان بۆ هەر بەرمیل نەوتی ڕووسیا دیاری کرد، نرخی نەوتی ئەم وڵاتە یەک لە سەر چوار بەراورد بە مانگی پێش ئەوە دابەزی. ئەمەش لە درێژەی سزاکانی یەکێتی ئەورووپا لە دژی هەناردەی نەوتی ڕووسیا لە ڕێگای دەریاوە بووە کە ئەمریکا، کەنەدا، ژاپۆن و بەریتانیاش سزای هاوشێوەیان بە سەر مۆسکۆدا سەپاندووە.
بە پێی ئاماری ڕۆژانەی ڕۆژنامەی RBK، مامناوەندی نرخی نەوتی ڕووسیا 50.47 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بووە کە بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمترە لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، کاتێک لە نرخی نەوتی ئوراڵ 72.71 دۆلار بووە.
لە مانگی تشرینی دووەمی 2022، مامناوەندی نرخی مانگانە، بەرمیلێک 66.47 دۆلار بووە.
شارەزایانی ئابوری دەڵێن کە دیاریکردنی نرخی نەوت ڕووسیا بەشێک لە سزاکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە و کاریگەری خێرای لە سەر داهاتە نەوتییەکانی ئەم وڵاتە دەبێت. پێشبینی کراوە کە هەناردەی نەوت و غاز، لە سەدا 41 ی داهاتەکانی ڕووسیا بە ڕێژەی 172 ملیار دۆلار پێک بێنێت.
ڕووسیا هەناردەی نەوتی بۆ ئەو وڵاتانە قەدەغە کردووە کە ئەو نرخە دیاریکراوە جێبەجێ بکەن.
ئەلکساندر نواک جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا پێشتر ڕایگەیاندبوو کە سەرەڕای سزا و گەمارۆکان، خواست لە سەر کڕینی نەوتی ئەم وڵاتە زۆرەو و مۆسکۆ میکانیزمی دیاریکراوی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە قبووڵنەکراو دەزانێت./.