بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق لە گەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا کۆبووە.
فەیسەڵ مێقداد وەزیری دەرەوەی سوریا پاش ئەو کۆبوونەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: پەیوەندییەکانی سوریا و ئێران ستراتیژییە و لە ڕۆژانی داهاتووشدا پتەوبوونی پەیوەندییەکان دەبینین، ئێمە کۆبووینەتەوە تا پەیوەندییەکان ببەینە قۆناغێکی نوێی پەرەسەندن.
مێقداد وتی: ئەگەر ئێمە لە سوریا هاوپەیمانێکی وەک کۆماری ئیسلامی ئێرانمان نەدەبوو، دیار نەبوو چی ڕووی دەدا. ئێمە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا تاوتوێ دەکەین تا ڕوبەڕوی گەمارۆ و سزا زاڵمانە و نایاساییەکانی ڕۆژئاوا لە دژی هەر دوو وڵات ببینەوە.
ناوبراو سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ئەنکەرە وتی: هەر کۆبوونەوەیەک لە نێوان سوریا و تورکیا دەبێت لە سەر بنەمای ڕێزلێنان بێت.
وەزیری دەرەوەی سوریا ستایشی هەڵوێستی ئێرانی کرد و وتی: سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریایە و ئێمە پێکەوە بەرگری و پاڵپشتی لە فەڵەستین دەکەین و ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی دەیکات، تاوانی شەڕە لە دژی مرۆڤایەتی.
فەیسەڵ مێقداد جەختیکردەوە کە سوریا لە کاتی گونجاودا وەڵامی هێرش و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەداتەوە./.