بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی قەحوم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند: دەرگاکانی ئاشتی کراوەیە بەڵام ئەمریکا، بەریتانیا، سعوودیە و ئیمارات بوونەتە بەربەست کە واز لە دەسدرێژی و گەمارۆکانی سەر یەمەن ناهێنن و لە دۆسیە مرۆڤدۆستانەکانی وەک کردنەوەی فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران لە ڕێگای داهاتەکانی نەوت و غازەوە ڕێگری دەکەن.
ناوبراو وتی: سیاسەتی دووفاقیی ئەمریکا لە بەرامبەر یەمەن ڕوون و ئاشکرایە، لە کاتێکدا کە ئەمریکا لە شەڕی ئۆکرانیا داوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا دەکات، لە دۆسیەی یەمەن بە هەموو شێوازێک پاڵپشتی لە سعوودیە و هاوپەیمانەکانی بۆ بەردەوامیدان بە دەسدرێژی و گەمارۆکان دەکات.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی کە گەلی یەمەن بۆ بەدەستهێنانی سەروەری و سەربەخۆیی و چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆیان بەدەر لە بەسراوەیی بە وڵاتانی دەرەکی، یەک ئامانجیان هەیە و بە هەموو شێوازێک بەرگری لەم ئامانجەش دەکەن.
قەحوم وتی کە ئێمە ناتوانین چاوپۆشی لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی گەلەکەمان بکەین و ئەمریکا و بەریتانیا وەک بەرپرسی ئەم دۆخەی ئێستا، دەتوانن لە نێوان ئاشتییەکی دادپەروەرانە یان ئەو تێچووانەی کە زیانی بۆ ئاسایشی ئەوان دەبێت، یەکێک هەڵبژێرن./.