بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری سەبارەت بە هێزی درۆنەکانی ئێران و کاریگەرییەکانی لە ناوچەکە وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران یەکێک لە پێنج هێزی خاوەن درۆنی جیهانە و ئەمەش ئەنجامی 37 ساڵ ئەزموونە لە سەرەتای بەرگری پیرۆزەوە تا ئێستا.
فەریق باقری وتی: لەم بوارەدا هێزە چەکدارەکان بە پشت بەستن بە توانا ناوخۆییەکان و کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونەکانی خۆیان و هاوکاری و پەیوەندی لە گەڵ زانکۆکان، سەنتەرەکانی توێژینەوە و کۆمپانیاکانی زانست بنەما لەوەدا سەرکەوتن کە پەرە بە هێزی وڵات لە ڕووی درۆنەکانەوە بدەن.
ناوبراو وتی کە درۆنەکانی ئێران لە ڕووی کاریگەری و بەردەوامی و جێبەجێکردنی ئەرک و ڕاسپاردەکان لە ئاستێکی باڵای جیهانیدان و تا ئێستا چەندین پرۆسەی سەرکەوتوو لەم پێناوەدا ئەنجام دراوە.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەو پڕوپاگەندەی کە ئێستا سەبارەت بە بەکارهێنانی درۆنی ئێرانی لە شەڕی ئۆکرانیادا دەبینرێت، بەشێکە لە شەڕی دەروونیی دوژمنان و بەدەر لەوەی کە زۆربەی ئەو پڕوپاگەندەیە درۆیە، بەڵام لە ڕاستیدا پیشاندەری کاریگەری و گرنگی و پلەی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە بواری درۆنەکان.
باقری وتی: فەرماندەی پێشووی سنتکۆم ڕایگەیاند کە ” بۆ یەکەم جار لە پاش شەڕی دووەمی جیهانی، زاڵبوونی ئاسمانیی ئەمریکا تێکچووە و چیدی واشنتن ناتوانێت لەو شوێنانەی کە درۆنەکانی ئێران بوونیان هەبێت، لە ڕووی ئاسمانییەوە زاڵ بێت “. لە ڕاستیدا ئەم باسکردنە دانپێدادانی گەورە و سووکایەتییەکە بۆ ئەمریکییەکان و ئەمەش ڕاستە کە ئەوان زاڵبوونی خۆیان لە دەست داوە و ئەمەش لە سەرتاسەری ناوچەیەک کە ئیرادەی ئامادەبوونمان تێیدا هەبێت، جێبەجێ دەکرێت.
فەریق محەممەد باقری وتی: دوژمنان لە دوو ساڵی ڕابردوو بە زیادکردنی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ ناوچەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ناسراو بە سنتکۆم، هەوڵ دەدەن کە لە ناوچەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووی سەربازییەوە بوونیان هەبێت تا لەو ڕێگایەوە بتوانن وەڵامی ئەو هەموو هەڕەشەیە بدەنەوە کە لە لایەن جیهانی ئیسلامییەوە لە سەر ئەوان دەبینرێت.
وتیشی کە هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوپەڕی ئامادەییدان و وەڵامی هەر هەڕەشە و دەسدرێژییەک بە توندترین شێواز دەدەنەوە.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەمڕۆ هێز و ئیرادەی بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکان بوونی هەیە و هەر وڵاتێک کە بیەوێت نیازێکی لە دژی گەلی ئێران و یەکپارچەیی خاکی ئێمە هەبێت، بەدەر لەوەش کە خۆیان بە بێ ئاگا بزانن، ئێمە وڵاتی سەرچاوە و دەسدرێژیکار بە وەڵامێکی پەشێمانکەرەوە ڕوبەڕو دەکەینەوە، هیوادارین ناوچەکە بە ئارامی و ئاشتی و برایەتی بتوانێت نموونەی پێشکەوتن لە جیهان بێت./.