بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی سێ شەممە لە درێژەی چاوپێکەوتنەکانی لە پەراوێزی کۆنگرەی بەغدا – 2 لە ئەردەن، لە گەڵ عەبدوڵڵای دووەم شای ئەردەن دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی تاوتوێ کرد.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ستایشی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی بەغدا – 2 ی لە ئەردەن کرد و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا وڵاتانی ناوچەکە پێویستیان بە هاوکاری هاوبەش لە پێناو پتەوکردنی ئاشتی، سەقامگیری، ئاسایش و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان هەیە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکان لە گەڵ ئەردەن ڕاگەیاند.
لەو چاوپێکەوتنەدا کە جێنشین، سەرۆک وەزیران، وەزیری دەرەوە و چەندین بەرپرسی ئەمنیی ئەردەن ئامادەی بوون، عەبدوڵڵای دووەم بە ئاماژە بە ڕێزگرتنی وڵاتەکەی لە خەڵکی ئێران، داوای دەستپێکردنی وەرزێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات و هاوکارییەکانی لە ئاستی ناوچەکەدا کرد و وتی کە چارەنووسی وڵاتانی ئیسلامیی ناوچەکە لە هاوکاری و هاوبەشی و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری بەردەوامدایە.
لەو چاوپێکەوتنەدا پەیامی نووسراوی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕادەستی شای ئەردەن کرا./.