بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە میانەی سەردانەکەی بۆ پارێزگای خۆراسانی باشور و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی شاری بیرجەند ناوەندی ئەم پارێزگایە وتی: وڵاتان پشت بە چەک دەبەستن و ئەمەش بە سەرچاوەی هێزی سەربازیی خۆیان دەزانن بەڵام گرنگترین سەرچاوەی هێز لە وڵاتی ئێمە ئامادەبوونی خەڵکە لە قۆناغە جیاجیاکان.
ناوبراو وتی: دوژمنان هەوڵی لاوازکردنی ئەم سەرچاوەی هێزە دەدەن و دەیانەوێت متمانەی گەل بەرامبەر بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناو ببەن و ئەم سەرمایە گەورە پاڵپشتییەی خەڵک لە ئێمە وەربگرن بەڵام گەل ئەوەیان سەلماندووە کە بە درێژایی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوو بە ووشیاری خۆیان سەرجەم پیلانەکانی دوژمنانیان هەڵوەشاندووەتەوە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: دوژمنان کاتێک پێشکەوتنی ئێران دەبینن، هەست بە توڕەبوون دەکەن بەڵام ئێمە دەڵێین کە شەمەندەفەری پێشکەوتنەکانی وڵات ڕاناوەستێت.
ناوبراو وتی: لە نیۆیۆرک ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێبوردنی کرد کە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە سزا و گەمارۆکانی سەر ئێران بۆ هەناەردەی ڤاکسێن هەڵبگرێت بەڵام پێم ڕاگەیاند کە ئێمە لە وڵاتێکی هاوردەکاری ڤاکسێنەوە بووینە هەناردەکار و لە ئێستادا 6 جۆرە ڤاکسێنی دژ بە کۆرۆنا لە وڵاتی ئێمەدا بەرهەم دێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: بە ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانم ڕاگەیاند کە سزا و هەڕەشەکانی ئەمریکا و دوژمنانی دیکە وڵاتی ئێمە ڕاناگرێت، دوژمنان وایان دەزانی کە بە سزادانی کەرتی نەوت، وەبەرهێنانی نەوت و هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێمە ڕادەگیرێت بەڵام نەک تەنیا ڕانەگیرا بەڵكوو هەناردەشی زیاتر بوو، ئەمەیە پێشکەوتن.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەمڕۆ گەلی ئێمە سزا و گەمارۆکانیان کردووەتە دەرفەتێک و ئێمەش هەوڵی هەڵگرتنی سزاکان دەدەین، ئێمە بە هەمان ورەی حاجی قاسم سولێمانییەوە هەوڵی زاڵبوون بە سەر کێشە و گرفتەکاندا دەدەین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییە وتی: بە یارمەتی خودا و بە ووشیاری گەل و ڕوونبینی خەڵک، هێزەکانی وەفادار بە شۆڕشی ئیسلامی و خەڵک بە گشتی، گەلی ئێران ئەم پیلانەی دوژمنانی ڕوبەڕوی شکست و سەرشۆڕی دیکە کردەوە./.