بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاوکات لە گەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی – چین لە ڕیاز بە چاودێری ڕژێمی ئالی سعوود، میدیاکانی ئەمریکا چەندین هەواڵ و زانیاری و ڕاپۆرتیان سەبارەت بە ویستی کۆنگرێس بۆ سزادانی حکومەتی سعوودیە بە هۆی سیاسەتی نەوتی و هەروەها شەڕی دژ بە یەمەن بڵاو کردەوە.
ئەوەی کە لە میدیاکانی ئەمریکادا بڵاو بووەتەوە، هاوکات لە گەڵ سەردانەکەی شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چین بۆ سعوودیە بووە و پیشان دەدات کە ئەم سەردانە کاریگەریی لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و واشنتن دەبێت کە ماوەیەکە باس لە ئاڵۆزبوونی دەکرێت.
بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی – چین لە ڕیاز لە کاتێکدایە کە جیهان بە سەر دوو جەمسەری نێوان وڵاتانی زلهێزدا دابەش بووە.
لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی – چین، محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە بە ڕووداوێکی زۆر گرنگی ناو برد و وەک قۆناغێکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان چین و وڵاتانی عەرەبی و هاوبەشیی نێوان هەر دوو لا پێناسەی کرد. شی جین پینگ سەرۆک کۆماری چینیش ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەکەی وڵاتەکەی و وڵاتانی عەرەبی ڕووداوێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لادا.
سەبارەت بەم سەردان و کۆبوونەوەش چاودێران لەو بڕوایەدان کە ڕژێمی سعوودیە و وڵاتانی عەرەبی بە پێی کاریگەرییەکانی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و هەستکردنی هاوپەیمانانی ئەمریکا بە پەراوێزکەوتنیان لە لایەن ئەم وڵاتەوە، هەوڵ دەدەن لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هاوپەیمانێکی نوێ بدۆزنەوە.
چینیش بە هەمان شێوە هەوڵی جۆربەجۆرکردنی هاوکارییەکانی خۆی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس و وڵاتانی عەرەبی دەدات. ڤیکتۆر گائۆ سەرۆکی ئەنجومەنی توێژینەوە نێودەوڵەتییەکانی چین بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاندووە کە ئەوەی بۆ پەکین گرنگە، پەرەپێدانی هاوکارییەکانە لە بواری بەرگری و تەکنۆلۆژیا، چین توانایەکی زۆری هەیە و بە پێچەوانەی ئەو وڵاتانەی کە ڕێگری لە پێدانی سیستەمە پێشکەوتووە سەربازییەکان بە وڵاتانی عەرەبی دەکەن، هیچ ترسێکی لە فرۆشتنی باشترین تەکنۆلۆژیای سەربازی بەوان نییە.
سەرەڕای ئەمەش، ئاشکرایە کە واشنتن بە پێی کێبڕکێی لە گەڵ چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، موڵەتی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتووی چین بە هاوپەیمانەکانی نادات، لە بەر ئەوەی کە لە ڕوانگەی واشنتنەوە ئەمە کاریگەریی لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەبێت.
ڕژێمی سعوودیە سەرەڕای گەڕانەوەی بەرەو وڵاتانی ڕۆژهەڵات، بەردەوام هەوڵ دەدات تا ڕەچاوی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکاش بکات و پەیامی ئەوەش دەداتە واشنتن کە ڕیاز پابەندی پەیوەندییەکی جیاوازە لە گەڵ ئەمریکا.
لەم پێناوەدا فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعوودیە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ ئەحمەد ئەبولغەیس ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی و هەروەها ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس ڕایگەیاند کە هاوکاری لە گەڵ دووەم ئابوریی جیهان (چین) بە پێویست دەزانین بەڵام ئەمەش بە واتای پچڕانی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئابوریی یەکەمی جیهان (ئەمریکا) نییە.
ناوبراو وتی: سعوودیە لە گەڵ چین و ئەمریکا بەرژەوەندی هاوبەشی هەیە و ئێمە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەوڵ دەدەین، پەیوەندی لە گەڵ چین بە واتای پەیوەندی هەمیشەییە لە گەڵ سەرجەم وڵاتانی جیهان و ئێمە لە پێناو گەیشتن بە ڕێکەوتنی بازرگانیی ئازاد لە نێوان چین و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس وتووێژمان کردووە.
فەیسەڵ بن فەرحان وتی: ئێمە جەخت لە سەر پەرەپێدانی هاوکاریی عەرەبی – چین دەکەینەوە.
هاوکات لە گەڵ سەردانەکەی سەرۆک کۆماری چین بۆ ڕیاز و کۆبوونەوە و ڕێکەوتنەکانی، ڕەنگە واشنتن بڕیاری زیاتر لە سەر کارنامەی سیاسەتی دەرەوە و ئابوریی سعوودیە بدات.
توێژینەوەیەک کە لە لایەن ” سەنتەری توێژینەوە عەرەبییەکانی واشنتن ” بڵاو بووەتەوە، مەترسییەکانی حکومەتی سعوودیەی لە کۆنگرێس باس کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئەوەی کە جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە دژی سعوودیە جێبەجێی نەکردووە، ڕەنگە لە لایەن کۆنگرێسەوە جێبەجێ بکرێت.
بە پێی ئەو توێژینەوەیە، بایدن بە چەندین جار لە بەرامبەر حکومەتی سعوودیە شکستی هێناوە، لە بەر ئەوەی کە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەمریکا بەڵێنی ئەوەیدابوو کە لە سەر دۆسیەی مافی مرۆڤ، سعوودیە پەراوێز بخات بەڵام سەردانی ڕیازی کرد و لە گەڵ گەورە بەرپرسانی ئەم وڵاتە کۆبووە تا ڕەزامەندی ئەوان لە دۆسیەی نەوتدا بە دەست بێنێت.
بەڵام بە ڕەتکردنەوەی داواکەی جۆبایدن و بڕیارەکەی ئۆپێک پڵەس لە مانگی تشرینی دووەم بۆ دابەزاندنی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت، حکومەتی دیمۆکراتەکان بەڵێنی پێداچوونەوەی بە سەر پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و ڕیازی دابوو، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو بانگەشەیەدا بەدی نەکراوە.
سەنتەری توێژینەوە عەرەبییەکانی واشنتن ڕایگەیاندووە کە ئەوەی کە حکومەتی بایدن لە جێبەجێکردنیدا سەرکەوتوو نەبووە، ڕەنگە لە لایەن کۆنگرێسەوە جێبەجێ بکرێت، لە بەر ئەوەی کە هەستێکی هاوبەش لە نێوان هەر دوو لادا بۆ سزادانی ڕژێمی سعوودیە بە هۆی سیاسەتە نەوتییەکان و هەروەها شەڕی یەمەنەوە هەیە.
پێدەچێت کە محەممەد بن سەلمان سیاسەتێکی نوێی لە ئاستی دەرەوەدا داڕشتووە و سەرقاڵی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەشە و ئەمەش بۆ ئەمریکا وەک سووکایەتییەک بە پێگەی جیهانیی ئەو وڵاتە دەبێت، بە تایبەت ئەوەی کە سعوودیە پێشوازییەکی گەرم و فەرمیی لە سەرۆک کۆماری چین کردووە وەک ڕکابەری سەرەکیی ئەمریکا لە جیهان و بە چەندین ڕێکەوتن و گرێبەستی سیاسی، ئابوری و سەربازیش لە نێوان هەر دوو وڵاتدا واژۆ کراوە.
بەدەر لەمەش، بن سەلمان هەوڵی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ئەورووپیش دەدات، ئەمەش کۆشکی سپیی نیگەرانتر کردووە و سەرجەم ئاماژەکان باس لەوە دەکەن کە سعوودیە ڕێگای نوێ لە دژی واشنتن تاقیدەکاتەوە.
بایدن ڕەنگە سیاسەتێکی بۆ ڕێگری لەم هەوڵانەی بن سەلمان نەبێت بەڵام لە کۆنگرێس بێ وەڵام نابێت. یەکەم کاردانەوەش ئەوەیە کە ڕەنگە ڕێگری لە پێدانی چەک و کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی بە سعوودیە بکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ڕەزا فەرحات جێگری پارتی کۆنگرەی میسر سەبارەت بە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی – چین لە ڕیاز وتی: ئەو کۆبوونەوە ڕۆڵی سەرەکی ئەمریکا و تاک جەمسەریی ڕۆژئاوا لە جیهاندا بەرەو گۆڕانکاری دەبات، بە تایبەت لە پاش شەڕی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا کە هاوسەنگیی هێز لە جیهاندا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
ئاژانسی فەرمی سعوودیە ڕایگەیاندووە کە لە میانەی سەردانەکەی شی جین پینگ بۆ سعوودیە، 6 گرێبەست و ڕێکەوتن لە نێوان ڕیاز و پەکین واژۆ کراوە. چین و سعوودیە هەروەها لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جەختیان لە سەر بەرگری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کردەوە، هەروەها جەختیان لە سەر ئەوەش کردەوە کە بەرگری لە بنەمای نەبوونی دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا بکرێت.
هەر دوو وڵات لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا بەڵێنیان داوە کە لە سیاسەتی دەرەوەیاندا گرنگییەکی زیاتر بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان بدەن./.