بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە چاودێرانی سیاسیی عێراق کۆدەنگییان لە سەر گرنگی جێگیرکردنی هێزەکانی پاسەوانی سنوریی ئەم وڵاتە لە سنورەکانی ئێران و تورکیا هەیە، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی عێراق وردەکاری نوێی سەبارەت بەم ڕاسپاردەی هێزانە خستووەتەڕوو.
ئەو بەرپرسە بە پێگەی ” العالم الجدید ” ی ڕاگەیاندووە کە دوو فەوجی نوێی هێزەکانی پاسەوانیی سنور بە هەموو پێداویستییەکەوە ڕەوانەی سنورەکانی ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان کراون.
بە وتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، ئەو بڕیارە لە پاش چەندین کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی بەغدا و هەولێر لە ڕۆژانی ڕابردوو خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە هێزەکانی پاسەوانی سنوریی عێراق کۆنتڕۆڵی سنورەکانیان کردووە و ئەگەرچی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچەکەدان بەڵام بە پێی ڕێکەوتنی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هێزە ڕەوانەکراوەکان لە بەغداوە کۆنتڕۆڵی سنورەکان دەکەن.
بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەمە یەکێک لەو هەنگاوانەی حکومەتی بەغدایە بۆ ڕاگرتنی هێرشە ئاسمانی و مووشەکییەکانی تورکیا و ئێران لە دژی گرووپە نەیارە چەکدارەکان.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی عێراق ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی پاسەوانی سنور بە هیچ شێوازێک ناچنە دەروازە سنورییەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستان و بوونیان تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە بۆ پاراستنی سنورەکان دەبێت./.