بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆمپانیای هەناردەکاری هەناری هەڵەبجە ڕایگەیاند کە بەرهەمی هەناری ئەم شارەی هەناردەی وڵاتانی بەریتانیا، قەتەر، ئیمارات و کوێت کردووە.
مەسرور بارزانی وێنەی بارهەڵگرێکی هەڵگری هەناری هەڵەبجەی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە بەڵێنەکەی جێبەجێ کردووە.
ستار مەحمود بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتووکاڵی هەڵەبجە ڕایگەیاند کە هەناری ئەم شارە لە لایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت.
فەرەیدون نامدار بەڕێوەبەری کۆمپانیای سازان – تەنیا کۆمپانیایەک کە هەناری هەڵەبجە هەناردە دەکات – ڕایگەیاند کە لە 20 ڕۆژی ڕابردووەوە هەناردەی هەناری ئەم شارە بۆ وڵاتانی بەریتانیا، قەتەر، ئیمارات و کوێت دەستیپێکردووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە بە پێی کوالیتی، نرخی هەر کیلۆ هەنار لە نێوان 2 تا 4 یۆرۆ دەبێت.
هەناری هەڵەبجە لە ڕێگای بارهەڵگر و دەروازە سنورییەکانی ئێران، تورکیا و پارێزگاکانی عێراقەوە هەناردە دەکرێت.
هەناری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان ناوبانگێکی زۆری هەیە و لە ساڵانی ڕابردووەوە تا ئێستا هەناردەی دەرەوە کراوە./.